لەسلێمانی یادی شاعیری کورد کەژاڵ ئیبراهیم بەرز ڕاگیرا
یادی ٧هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیر کەژاڵ ئیبراهیم لە ماڵی زەینەب خان کرایەوە، تێیدا بنەماڵەکەی و بەشێک لە هاوڕێکانی ئامادەبوون.

سلێمانی
لە ٢٤ی نیسان، لە ماڵی زەینەب خان، لە سلێمانی، یادی ٧تەمین ساڵیادی کۆچی دوایی کەژاڵ ئیبراهیمی شاعیر کرایەوە، بەمەبەستی بەرزڕاگرتن و ئاشنابوون بەو تەمەنەی کەخزمەتی بە ئەدەبیات کردوە.
شەیدا مەعروف، هاوڕێی کەژاڵ ئیبراهیم، دەستی بەیادکردنەوەکە کرد و باسی ژیانامەی کەژاڵ ئیبراهیم کردو وتی: کەژاڵ ئیبراهیم خدر لەساڵی ١٩٦٨ لە شارە شیرینیەکەی قەڵادزێ لەدایک بووە، لەساڵی ١٩٧٨ وە دەستی کردووە بەنووسین، سەرەتا بە نووسین و چیرۆکی منداڵان دەستیپێکردوە و چەندین بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە لەڕۆژنامەی هاوکاری و ڕۆژنامەی ئاسۆ، هەر لەو ساڵەدا یەکەمین هۆنراوەیبەناوی" دووهێڵی تەریب"بڵاوکردۆتەوە لەڕۆژنامەی هاوکاری، ساڵی ١٩٨٩ چەند هۆنراوەیەکی لەڕۆژنامەی ئاسۆ بەناوی " شەونم محەمەد قادر" بڵاوکردۆتەوە، ساڵی ١٩٩٨ ڕووی لە جیهانی هۆنراوە کردوە و تاکو پێش کۆچی دوایی بەمانگێک هەر بەردەوام بووە.
دواتر ئاماژەی بە دیوان و نامیلکەکانی کرد، بەم شێوەیە: دوو دڵۆپ فرمێسک و خەندەیەک ساڵی ١٩٩٣، کارەسات و ڕاپەڕین ساڵی ١٩٩٤، لەحزوری زکری ئەمشەو ساڵی ١٩٩٩، شەڕ و ئاشتی پەنجەکان ساڵی ٢٠٠٠، گریانی ووشەکان ساڵی ٢٠٠٢، چاوێک بۆ عیشق باوەشێک بۆ خۆشەویستی ساڵی ٢٠٠٣، جەژنی مەرگ ساڵی ٢٠٠٤، دڵ و ڕەنگ ٢٠٠٤، نامرێ و چڵەنێرگزێک ساڵی ٢٠٠٥، بەپێنووسی ژنێک ساڵی ٢٠٠٦، پیتەکانی پایز ساڵی ٢٠٠٦، ئاوینگی وەرینی گوڵەکان ٢٠٠٧، دەستێکم پڕە لەباران ساڵی ٢٠١١، تاریکی شەو پەنجەرەی عەشق ساڵی ٢٠١٤، دیوانی کەژاڵ سێ بەرگ " ساڵی ٢٠١٦، بەرگی یەکەم، بەرگی دووەم، بەرگی سێهەم، بادڵم هێشووی تۆ بگرێت ساڵی٢٠١٧، دیوانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە، بەزمانی عەرەبی ساڵی ٢٠١٨، نامیلکەی هۆنراوەی وەرگێڕدراوی عەرەبی" دەست بخەرە نێو دەستم" ساڵی ٢٠١٨ ، نامیلکەی هۆنراوەی وەرگێڕدراو بەزمانی عەرەبی "ژن و شیعر شاعیر" ساڵی ٢٠١٨، نامیلکەی هۆنراوەی وەرگێڕدراو بەزمانی عەرەبی "بەبێ دەنگی بۆت دەدوێم" ساڵی ٢٠١٨، نامیلکەی هۆنراوەی وەرگێڕدراو بەزمانی عەرەبی "پێش ئەوەی خۆشتبوێم" ساڵی ٢٠١٨، نامیلکەی هۆنراوەی وەرگێڕدراو بەزمانی عەرەبی "بە پێنووسی ژنێک" ساڵی ٢٠١٨.
نامرێ ڕێبوار، کچی کەژاڵ ئیبراهیم وتی: ئەم ساڵ ٧ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دایکمدا، زەحمەتە بۆمن لێرە وەستاوم باسی کۆچی دوایی دایکم بکەم، بەڵام ئێرە تاکە شوێنە کەدوای ٧ ساڵ توانیویانە دایکم بەسەر بکەینەوە، وەکو وەفایەک بۆ ئەو خزمەتانەی کەدایکم لەناو دونیای هۆنراوەی کوردی کردویەتی، دایکم هاوڕێیەکبوو بۆ ئێمە هەرگیز وەکو دایکێک نەبوە بۆئێمە، هەمیشە ڕێگە باشەکانی پیشان ئیمەداوە، وایلێکردووین چاوکراوەبین و شەرم نەکەین و چاونەترس بین، دژی کۆمەڵگە نەبین، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بەمافی ژنانەوە هەبێت ئیمە داکۆکی لێبکەین، ئازادبین لەو شتانەی کەدەمانەوێت، قەت جیاوازی نەکردووە لەبەینی من و باکەمدا بەوەی من ژنی گەنجم و ئەویش کوڕ، هەمیشە دەم بەخەندەبوو، ئێستاش کەلامان نیە بەردەوام لەگەڵ یادگاریەکانیدا دەژین.