لە ئێران ژنێکی چالاکوانی سیاسیی سزای زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا
ژنێکی چالاکوانی سیاسیی بە ناوی گەلارە عەباسی تەمەن ٤٩ ساڵ، دانیشتووی تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن لقی ٢٣ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای ٥١ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ
زیندانییکردنی ژنانی چالاکوان لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بەردەوامی هەیە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە سزادانی چالاکوانێکی سیاسیی ئێران لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە زانیاری بڵاوکردەوە.
ڕێکخراوی هەرانا ئاماژەی بەوەکرد، ژنێکی چالاکوانی سیاسیی بە ناوی گەلارە عەباسی تەمەن ٤٩ ساڵ، دانیشتووی تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن لقی ٢٣ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای ٥١ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی” و “پڕوپاگەندە دژ بە دەوڵەت” سزا دراوە.
لە ڕۆژی ١٧ـی شووباتی ئەمساڵدا گەلارە عەباسی چالاکوانی سیاسیی لە ماڵەکەی خۆی لە تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکرا و بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە، دواتر لە ٢٨ی ئادار بە شێوەی کاتی و بە دانانی یەک ملیار تمەن تا کاتی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا.