لە ڕۆژهەڵاتی ئەسیوبیا ٢٣ کەس بە کۆلێرا گیانیان لەدەستدا

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان ڕایگەیاند، ٢٣ کەس بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا گیانیان لەدەستداوە لەنێو ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئەسیوپیا ئاوارە بوون.

ناوەندی هەوال

 

بارانێکی زۆر و لافاو لە قۆچی ئەفریقا بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە ماڵەکانیان و بڵاوبوونەوەی کۆلێرا کە زیاتر لە ١.٥ ملیۆن کەسی گرتەوە.

 

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، زیاتر لە ٧٧٠ حاڵەتی کۆلێرا لە ماوەی تەنها دوو هەفتەدا لە سۆماڵ تۆمارکراوە، کە زۆرترین زیانی بەهۆی لافاوەکانی ئەم دواییەوە هەیە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، بارانێکی زۆر و لافاو کاریگەری لەسەر ١.٥ ملیۆن کەس کردووە لە سەرانسەری ئەسیوبیا، زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس ناچارکراون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، تەنها ١٠%یان هاوکاری وەردەگرن.

 

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان هۆشداری دەدات لەوەی دۆخەکە لەوانەیە خراپتر بێت لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بارانێکی زیاتر لە سێ ناوچە ببارێت، دوای ئەوەی زیاتر لە ٩٠ ناوچەی سەرانسەری ئەسیوبیا ڕاپۆرتیان لەسەر حاڵەتەکانی کۆلێرا داوە و ئاماژەیان بەوە کردووە ٢٣ کەس بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا گیانیان لەدەستداوە لەنێو ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەوە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ئاوارە بوون.

 

تیمی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەرێمی کیلاڤۆ ڕایانگەیاند، حاڵەتەکانی کۆلێرا لەناو منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ٨٠%ی حاڵەتەکانی پشتڕاستکراو پێکدەهێنن.