دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و ژنان لە لوتکەی پەیوەندییە فریاگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانن

جێگری سەرۆکی تەندروستی ئاسوودەژیانی ڕایگەیاند، زۆربەی ئەو پەیوەندییانەی لە سەرتاسەری ئێران بۆ فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی دەکرێن، پەیوەندییان بە دەستدرێژی منداڵان، بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستی تایبەتی، ناکۆکی بنەماڵەیی و دەستدرێژیکردنە سەر هاوژینەکان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

مێهری سادات موسەوی، جێگری سەرۆکی تەندروستی ئاسوودەژیانی، ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٧٠ هەزار پەیوەندی بە باری نائاسایی کۆمەڵایەتی لە سەرتانسەری ئێران کراوە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە دەستدرێژی منداڵان، بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستی تایبەتەکان، ناکۆکی توندی بنەماڵەیی و دەستدرێژیکردنە سەر هاوژینەکان هەبووە.

 

مێهری سادات موسەوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکانی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژانە لە نێوان ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ پەیوەندی بە فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای تاران دەکرێت و ئەم ژمارەیەش لە هەندێک پارێزگا لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ پەیوەندییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پەیوەندیانەی باسکراون لە بوارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا بوون، لەنێویاندا هەموو جۆرە توندوتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و بیرکردنەوەی خۆکوژی، وتیشی: ٪٢٩ی ئەو تەلەفونانەی کراون، پەیوەندییان بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانەوە هەبووە، ٪٢٤ی پەیوەندییەکان بۆ ناکۆکی توندی خێزانی و ٪١٥ی دیکەش دەستدرێژیکردنە سەر هاوژین بووە.