لە ئێران پێنج ژن سزا دران
لە لایەن لقی ١ی دادگای شاری کرمانی ئێران سزای زیندانیی کردن بەسەر هەشت مامۆستا و چالاکواندا سەپێندرا، كە پێنج لەوانە ژنن، هەر یەک لەو ژنانە سزای ١٠ مانگ زیندانییکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناوەندی هەواڵ
سزادان و زیندانییکردنی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە مەبەستی بێدەنگکردنیان بەردەوامی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، هەشت مامۆستا و چالاکوان لە کرمان لەلایەن دادگای ئێرانەوە سزا دران، کە پێنج لەوانە ژنن.
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران سەبارەت بە سزادانی مامۆستایان لە شاری کرمانی ئێران ڕایگەیاند، لە لایەن لقی ١ی دادگای شاری کرمانی ئێران سزای زیندانیی کردن بەسەر هەشت مامۆستا و چالاکواندا سەپێندرا، كە پێنج لەوانە ژنن، هەر یەک لەو ژنانە سزای ١٠ مانگ زیندانییکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو مامۆستا و چالاکوانانە بە تۆمەتی”کارکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی، پروپاگەندە دژی دەوڵەت و ئەندامبوونیان لە گرووپە دژبەرەکانی ئێران” سزا دراون، کە بریتین لە، شەهناز ڕەزایی، زەهرا عەزیزی، میترا نیک پوور، فاتمە یەزدانی، لەیلا ئەفشار، مەجید نادری، محەمەد ڕەزا بێهزاد پوور و حسێن ڕەشیدی.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە سزادانی ئەو كەسانە لەدوای سکاڵایەکی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دێت کە ئەو مامۆستا و چالاکوانانە بەشداربوون لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانی کرێکاران، هەروەها پێشتر لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٤ چەند جارێک لەلایەن پۆلیس و داواکاری گشتییەوە بانگ کراون و لە هەندێک حاڵەتیشدا دەستگیرکراون و بە کەفالەت ئازاد کراون.