جموجۆڵی سوپای عێراق لە مەخموور بەردەوامەو نودەم یامان: بەرخۆدان دەکەین

نودەم یامان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کامپی مەخموور ڕایگەیاند، هەڵوێستی عێراق لەم پرۆسەیەدا جێی پرسیارەو عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی فشاری سەربازییەوە ئیرادەی خەڵکی کامپەکە پێشێل بکات.

مەخموور

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٥ی ئاب، شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتی فەریق فەیسەڵ، بەرپرسی باڵای ئەمنی حکومەتی بەغدا و شاندێکی سەربازی لە دەزگای هەواڵگری گەیشتنە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" بۆ کۆبوونەوە.

 

هاوکات لەگەڵ شاندی عێراقی، هێزێکی سەربازی و کەرەستەی گەورەیش گەیشتنە کەمپەکە. هێشتا جموجۆڵ و جوڵەی سەربازانی عێراقی زۆر لە دەوروبەری کامپەکەدا هەیە و هەلیکۆپتەرەکانیش بەسەر کامپەکەدا دەسوڕێنەوە. دوای کۆبوونەوەکە زانرا کە عێراق جارێکی دیکە دەیەوێت ناوچەی دەوروبەری کامپی مەخموور تەلبەند بکات.

 

نودەم یامان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کامپی مەخموور، باسی لە دۆخی کامپەکەو هەوڵەکانی هێزە عێراقییەکان بۆ تەلبەندکردنی کامپەکە کرد.

 

"بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزە عێراقییەکان لەناکاو هەوڵیاندا کامپەکە تەلبەند بکەن"

نودەم یامان وتی: وەک دەزانرێت هێزەکانی عێراق گەمارۆی کامپەکەیان داوە، ئێمە زۆر کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندەکانی عێراق سەبارەت بەم بابەتە ئەنجامداوە، بەڵام ئەو کۆبوونەوانە هیچ ئەنجامێکی نەبووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا دیسان هەوڵیاندا بە تەل کامپەکە  تەلبەند بکەن، ئەم داواکارییە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بە ڕێککەوتنێک پێشوازی لێکرا.

 

"ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان لە دژی ئەم نادادپەروەرییە"

نودەم یامان ئاماژەی بەوەشکرد، گەمارۆی دەوڵەتی عێراق بەردەوامە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تەنانەت پێش ئەم دۆخەش دەوڵەتی عێراق ئاستەنگی بۆ خەڵکی کەمپەکە دروست دەکرد لە هەموو ڕووەکانی ژیانەوە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نییە، ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی عێراق لە پڕۆسەی ئاشتیدا جێی پرسیارە، ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی فشاری سەربازییەوە ئیرادەی خەڵکی کامپەکە پێشێل بکەن، وەک خەڵکی کامپەکە لەبەرامبەر نادادپەروەری دەوڵەت وەک ساڵی ٢٠٢٣ بەرخۆدان دەکەین.

 

"پێویستە هەموو گەلی کورد لە دژی ئەمە هەڵوێستیان هەبێت"

نودەم یامان لە کۆتایی قسەکانیدا ئەم بانگەوازەی کرد و وتی: داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز و گەلی کورد دەکەین لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر کامپەکە هەڵوێستێکی بەهێزیان هەبێت و لە پێناوی خەڵکی کەمپەکەدا بوەستن.