لە سلێمانی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیی، لە ژنانی ڕۆژنامەنووس پیرۆزکرا

بەبۆنەی ١٢٧تەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیی، ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان دانیشتنێکی کراوەیان بۆ ژمارەیەک لە ژنانی ڕۆژنامەنووس سازکرد.

هێرۆ عەلی

 

سلێمانی- لە ٢٣ی نیسان، لە هۆڵی ڕوناک ڕەئوف، لە شاری سلێمانی،  ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان، بەئامادە بونی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنوسانی ژن گفتوگۆیەکی کراوەیان بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان لەبواری ڕاگەیاندن ئەنجامدا، دواتر چەند چالاکیەکی هونەری تێدا بەڕێوەچوو.

 

 هانا شوان، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان، لە سەرەتای چالاکییەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد، ڕایگەیاند: ئێمە باوەڕی تەواومان بە تواناکانی ژنان هەیە کە دەتوانن فشار بکەن و دەنگی خۆیان بگەیەنن.

 

هەروەها وتیشی: ژنان دەتوانن لە بوارە جیاوازەکاندا کاریگەرییان هەبێت، بەتایبەتی لە بواری ڕاگەیاندندا، چونکە ڕاگەیاندن پانتاییەکی فراوانی هەیە، هەروەها خەباتی ئێمە لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی کۆمەڵایەتیدایە، کەئەمەش

بەهاوبەشیکردن و هاندان و یەکێتیمانەوە دەبێت.

 

چیمەن محەمەد، ڕۆژنامەنووس، باسی ڕۆژنامەنوسی کرد، وتی: ڕۆژنامەوانی بەچەند قۆناغێکدا ڕۆشتوە تا گەیشتۆتە ئێرە، هەموو پێکهاتەکانی قسەکردن، نوسین، ئاماژەکان، ئەمانە بە قۆناغێکی دوور و درێژدا ڕۆشتوە، ڕۆژنامەوانی لە پێشدا تەنهاڕۆژنامە بووە، ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن قۆناغی دواتر بوون، لە سلێمانیش یەکەم ڕۆژنامە کە دەرچووە ڕۆژنامەی" پێشکەوتن" بووە.

 

شەدە بەشیر، ڕۆژنامەنووس، بەرپرسی کارگێڕی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕوناکبیری ژنان، باسی چالاکیەکەی کرد، وتی: ئێمە ئەمڕۆ ئەم چالاکیەمان بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیی ئەنجامدا، کە ژمارەیەک لە ژنانی ڕاگەیاندکاری دەزگاکانی ڕاگەیاندنمان بانگێشت کردووە بۆ دانیشتنێکی کراوە، چەند بڕگەیە هونەری و مێژوویی لەخۆدەگرێت، ئامانجیشمان بەرز نرخاندنی ڕۆڵ و پێگەی ڕاگەیەندنکارانە لە دەزگا میدیاییەکاندا، هەروەها ئێستا ژمارەیەکی زۆر ژنی ڕاگەیاندنکارمان هەیە کە ڕۆڵی گرنگ دەبینن و مەیدانیەن کارەکانیان ئەنجام دەدەن، بەڵام لەناو دەزگا میدیایەکاندا وەکو پێوویست تواناکانیان بەهەند وەرنەگیراوە، هەتا ئێستاش لەناودەزگا میدیایەکاندا تەنها لەچەند بوارێکی دیاریکراودا کاریان پێدەدرێت، وەکو پەیامنێری، سەرنووسەری، بەڵام پۆستی بڕیاردانیان پێنادرێت، بۆیە ئێمە مەبەستمانە لەڕێگەی ئەم دانیشتنانەوە ژنان بتوانن ئەو بەربەستانە بشکێنن.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، ڕایگەیاند: دەست خۆشیم هەیە بۆ ئەو ژنانەی کە دێنە ئەم بوارەوە، چونکە خۆی لەخۆیدا کاری ڕاگەیاندن کارێکی گرانە لەوڵاتی ئێمەدا، جا ئەگەر ئەو کارە بۆ ژنیش بێت دووجار گرانترە، چونکە  چەندین قوورسایی و بەربەست دێتە بەردەمی ژنانی ڕاگەیاندنکار،ژمارەیەکی زۆر لەژنانی ڕاگەیاندن لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندندا هەن و ڕوماڵی بابەتەکان دەکەن، بەڵام وەکو پێویست نەیان توانیوە دەنگی ژنبن لەناو ڕاگەیاندنی کوردیدا،چونکە زۆرجارئەو بابەتانە دەبینین کە لەدەزگاکانی ڕاگەیاندندا ڕوماڵی دەکەن بە ئەقلەیت و فکری پیاو سالاریە، کاتێک بابەتێکی ژنان باسدەکرێت دەبینین کاردانەوەی کۆمەڵگە زۆر نەرێنی دەبێت، بەرەیەکی دژ بەژنان دەکرێتەوە.