لە ماوەی چوار مانگدا ١٣ ژن و منداڵ بە ئامێرە گەرمکەرەوەکان گیانیان لەدەستداوە

لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار مانگدا، ١٣ کەس کە ژن و منداڵن بەهۆی ئامێرە گەرمکەرەوەکان سوتاون و خنکاون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما هاوڵاتیان بەهۆی نەبونی سوتەمەنی پەنایان بۆ بەکارهێنانی خەڵوز یاخود ئامێری گەرمکەرەوەی وەک هیتەر بردوە، بەڵام بە دوکەڵی خەڵوز چەندین کەس خنکان و لەکاتی بەکارهێنانی هیتەریشدا بەهۆی خراپی کارەبا و نزمی کوالێتی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە گڕگرتن و سوتانی ماڵان ڕویداوە کە چەندین کەسی دیکەش سوتاون و گیانیان لەدەستداوە.

 

٢٢ی ئادار دوو منداڵ لە سۆران گیانیان لەدەستدا

لە ماوەن چوار مانگدا لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ تا ئەم مانگە ئاداری ٢٠٢٢، ١٣ ژن و منداڵ بەو هۆکارە گیانیان لەدەستداوە، بە جۆرێک پاشنیوەڕۆی دوێنێ ٢٢ی ئادار لە گەڕەکى بەختیارى شارى سۆران، ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە دوو منداڵی تەمەن سێ ساڵ گیانیان لەدەستدا.

 

سەبارەت بەهۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەو گیان لەدەستدانی ئەو منداڵە، بەرگری شارستانی سۆران ئاماژەی بەوەکردووە کە بەهۆی زۆپاوە بووەو نزیک بووە لە پەردەی ماڵەکە، دوای گڕگرتنی پەردەکە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە.

 

١٥ی شوبات "مامۆستا ژیان" سوتا

لە ١٥ی شوباتی ئەمساڵ ژنێک کە مامۆستا بوو بە ناوی "ژیان" لە شارۆچکەی ئامێدی سەر بە دهۆک  لەکاتی نەوت کردنە زۆپاوە، زۆپاکە گڕیگرتووەو گیانی لەدەستداوە.

 

٩ی شوبات دوو منداڵ سوتان و گیانیان لەدەستدا

لە ٩ی شوباتی ٢٠٢٢، لە گەڕەکی ڕاپەرینی سلێمانی، دوو منداڵ کە خوشک و برا بوون تەمەنیان سی ساڵان و پێنج ساڵان بوو، بەهۆی ئامێری گەرمکەرەوە و شۆرتی کارەباوە کە ماڵەکەیان گڕیگرتووە، گیانیان لەدەستدا.

 

٣٠ی کانونی دووەم سێ کەس گیانیان لەدەستدا

لە ٣٠ کانونی دووەمی ئەمساڵ، دایکێک و دوو منداڵەکەی لە گەڕەکی خەباتی شاری سلێمانی هەر بەهۆی غازی زۆپاوە گیانیان لەدەستدا.

 

٢٩ی کانونی دووەم منداڵێکی ساوا سوتا

لە ٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢، لە شارەدێی عەربەتی سلێمانی منداڵێکی ساوای خوار تەمەن یەک ساڵ بەهۆی غازی زۆپاوە گیانی لەدەستدا.

 

٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ پێنج کەس خنکان

لە ٢٣ی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی ئاکرێی دهۆک، دایکێک و چوار منداڵی بەهۆی دوکەلی خەڵوزەوە کە بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکاریان هێنابوو، خنکان.