لەیلا گوڤەن: ژنانی کورد دەبێت هاوپەیمانی نەتەوەیی خۆمان بونیاد بنێنین

لەیلا گوڤەن لە زیندانەوە پەیامی جەژنە پیرۆزەی بۆ نەورۆزی ئامەد نارد و دەڵێت: کات کاتی سەرکەوتنە و گەلەکەمان دەزانێت بۆ ئەم ڕۆژانە چەندە قوربانی داوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەیلا گۆڤەن، هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك – كەجەدە، بۆ مەراسیمی پیرۆزبایی ئامەد پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و بە دڵ و گیان سڵاوی ئاڕاستەی گەلی کورد کرد.

 

لەیلا گوڤەن لە نامەکەیدا باس لەو قوربانیانە دەکات کە گەلی کورد داویەتی و دەڵێت: هاوڵاتیانى کورد لە جەژنى نەورۆزی ٢٠٢٢دا لە هەموو جیهانەوە گۆڕەپانەكانى نەورۆزی خۆیان بەجۆش دەدەن و بە گڕوتینەوە ئەو جەژنە پیرۆز دەكەن، چونکە گەلەكەمان باش دەزانێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەم قۆناغە چەندێک قوربانیداو و لەوپێناوەشدا لەمەودوا پێویستە بە هۆشیارییەوە بەرخۆدانەكەی بەشێوەیەکى ڕێکخراو درێژە پێبدات، لەئێستادا ئێمە لەقۆناغێكداین، كە هەموو سیستەمەکان دەبێت بەناچاری خۆیان بگۆڕن، چونکە نادادگەرى، پێشێلکردنى ماف و نایەکسانى لەسەرانسەری دنیادا بەرفراوانتر دەبێت و هیچ كۆمەڵگەیەكیش نایەوێت بێ پێگە بمێنێتەوە و ١٠٠ساڵی نوێ فۆرم دەگرێت و بازرگاكانی شەڕ و خوێن لەئێستادا لەسەر ئۆكراین كەوتوونەتە كێبڕكێ و ئەوەشی، كە لەئێستادا دەتوانێت دۆخى ئۆکرانیەکان باش هەست پێ بكات، گەلی كورد و فەلەستینن، لەبەر ئەوەش وەكو رابردوو، ئەمڕۆ گەنجان و ژنان و جۆامێرانی چاونەترسی گەلی كورد لەهەموو شوێنێك رووبەرووی نادادگەرى و بێ مافی دەبنەوە.

 

لەیلا گوڤەن، لە زیندانەوە دەڵێت: لە بەرامبەر شەڕ، زۆرداریى و فشارەکان و نادادپەروەریى ئێوە لەدەرەوە و ئێمە لەزینداندا دەڵێین، كات، كاتی سەركەوتنە، گەلێك لە كەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالاندا ڕووبەڕووی گۆشەگیریی بووەتەوە، لە تێكۆشانی خۆماندا دەڵێین، پێویستمان بەڕەحمەتی كەس نییە و وەك ژنانى كوردیش دووپاتى دەکەینەوە، کە لە باكوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەبێت هاوپەیمانی نەتەوەیی خۆمان بونیاد بنێنین، چونکە بەوشێوەیەیە دەتوانین دەست بەساڵێكی نوێ بكەین.

 

لە کۆتایشدا ئاماژە بەوەدەدات، "من جەژنی نەورۆز لە گەلەكەمان لە هەموو جیهان، لە كەسایەتی هاوڵاتیانى ئامەد و تەواوى جیهان پیرۆز دەكەم و بەو هیوایەم، كە لە هەڵپەڕكێی داهاتوویەكی ئازاددا شانبەشانی یەكدی بین."

 

ت.پ