١٥ کەس بوونە قوربانی لافاوەکەی باشووری کوردستان
شەوی ڕابردوو بەهۆی لافاوەوە لە کەرکوک ژنێک کە ئاو چووبووە ماڵەکەیانەوە کارەبا گرتی گیانی لەدەستدا و لە کەلاریش منداڵێک خنکا.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەم شەپۆلێکی باران و بەفر تەواوی ناوچەکانی باشووری کوردستان و عێراقی گرتەوەو، لەچەند شارێک لافاو دروست بوو کە بووە هۆی زیانی گیانی و ماددی، شەپۆلەکە تا درەنگانی شەوی ڕابردوو بەردەوام بوو.
لە پاشنیوەڕۆی دوێنێ ١٠ی کانوونی یەکەم، لافاو لە شارۆچکەی کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان دروستبوو، منداڵێک بەناوی ئەیوب عومەری ١٢ ساڵ،لەژێر پردی گازینۆ، بەسەر پایسکلێکەوە خلیسکا و کەوتە نێو ئاوی لافاو و خنکا، تەرمەکەی شەوێ ڕابردوو لە نزیک قەڵای شێروانە لە کۆتایی ڕێڕەوی ئاویی لافاوەکە دۆزرایەوە.
لە کەرکوکیش ژنێکی بەتەمەن لە گەڕەکی شۆراو لە ماڵەکەی خۆیدا تەزووی کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا، ئەمەش بەهۆی چوونی ئاوی لافاووەوە بووە کە بووەتە هۆی شۆرتی کارەبا.
لە ٩ی کانوونی یەکەم، لە چەمچەماڵ ژنێکی گەنج و پیاوێکی بەتەمەن بەهۆی لافاوەکە گیانیان لەدەستداو ١٠ کەسیش برینداربوون.
هەر لەهەمان ڕۆژدا لە شارەدێی لەیلانی سنووری کەرکوک، منداڵێک بەناوی بەیار عیسا، تەمەنی ٩ ساڵە لە کاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە، لافاو بردی و گیانی لەدەستدا.