لە چوارەمین ساڵیادی دەسەڵاتی تاڵیباندا... ژنان ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر هەڵاواردنی ڕەگەزی دژی ژنان
بزوتنەوەکانی دەنگی ژنان و ژنان بۆ ئازادیی ئەفغانستان بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیان لە کابول و تاران ڕێکخست و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دان بە تاڵیباندا نەنێت و واز لە پشتیوانیکردنی تاڵیبان بهێنن.

ناوەندی هەواڵ- لە چوارەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان، نیگەرانیە نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی دژ بە ژنان و ژنانی گەنج لەو وڵاتەدا نوێ دەبنەوە، لەژێر دەسەڵاتێکدا کە زۆر کەس بە بنەمای ستەمکاریی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی سیستماتیکی ژنان پێناسەی دەکەن.
ڕۆژی ١٥ی ئاب، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، بزوتنەوەیی دەنگی ژنانی ئەفغانستان لە تارانی پایتەختی ئێران خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیان ڕێکخست و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە دان بەدەسەڵاتی تاڵیباندا نەنێن.
بزوتنەوەکە سیاسەت و کردەوەکانی تاڵیبانی بە نمونەی جیاوازی ڕەگەزی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تیرۆری بناغەیی پێناسە کرد، داوای لە وڵاتانی جیهان کرد واز لە هاوکاریی ماددی تاڵیبان بهێنن و جیاوازی ڕەگەزی بە تاوان بزانن و پەیوەندی لەگەڵ ئەو گروپە بە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی ئەفغانستان بگۆڕن.
هاوکات ئەندامانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە کابول لە شوێنێکی داخراودا گردبونەوە و گۆرانیان وت و لێدوانی ناڕەزایەتییان دەربڕی، جەختیان لەوە کردەوە: کە لەبیریان نەچوە و بێدەنگ نابن، لە تاریکیدا مۆمیان داگیرساند و دەنگیان بەرز کردەوە، هەرهەنگاوێکیان لە شەقامە بێدەنگەکانی کابولدا هێمای "بەرخۆدان" بووە و هەر وشەیەک کە قسەیان کردوە "تیرێک بوە لە دڵی ستەمکاردا".
لەوەتەی تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان وەرگرتوە، ژنان ڕوبەڕوی پێشێلکاریەکی قورسی مافی مرۆڤ بونەتەوە، شەقامەکانی کابول و شارەکانی دیکە کە پێشتر شاهیدی بونی بەرچاوی ژنان بون لە شوێنی کار و خوێندنگە و زانکۆکان، ئێستا ڕوبەڕوی بێدەنگییەکی خنکێنەر دەبنەوە، ژنان لە مافی خوێندنی ناوەندی و زانکۆ، هەروەها لە هەلی کار لە زۆر بواردا بێبەش کراون، ئەم بێبەشبونە تەنیا ئابووری نییە، بەڵکو دەرونی و کۆمەڵایەتیشە، ژنان کە پێشتر ڕۆڵێکی کارا و سەربەخۆیان لە کۆمەڵگەدا هەبوە، ئێستا ڕوبەڕوی گۆشەگیری و سنوردارکردنی توند دەبنەوە.