ڕژێمی ئێران گۆڕانکاریی لە سزای ٣٠ زیندانی ژن دەکات

نووسەرێکی ئێران ڕایگەیاند، لیستێکی زیندانییانی سیاسی بە مەبەستی پێداچوونەوەی سزاکانیان و ئازادبوونیان ئامادە کراوە، لەو ژمارەیە ٣٠ زیندانیی ژن هەیە، ناوی هەریەک لە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

عیمەددین باقی، نووسەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی ئێران لەبارەی داواکارییەکی سەرۆکی دادوەری ئێران بۆ ڕەوانەکردنی لیستی زیندانییانی سیاسیی بە مەبەستی ئازادکردنیان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دوونیای ئیقتیسادی ئێرانی بەمجۆرە زانیاریی دەخاتەڕوو.

 

عیمەددین باقی ڕایگەیاند، لەسەر داوای موحسین ئیجێی سەرۆکی دادوەری ئێران لیستی زیندانییانی سیاسیی کە لە ٧٠ کەس پێکهاتووە بە مەبەستی پێداچوونەوەی سزاکانیان و ئازادبوونیان، کە زۆربەیان بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی حکومەت و کۆبوونەوە و پیلانگێڕی” دادگایی کراون ئامادەکراوە، ئەو ناوانەی پەیوەندییان بە کردەوەی چەکداری و سیخوڕی هەبووە لە لیستەکەدا نەهاتوون.

 

وتووشیەتی: لەو ژمارەیە ٣٠ زیندانیی ژن بوونی هەیە، هەروەها زۆربەیان ماوەیەکی کورتیان ماوە تا ماوەی سزاکەیان بەسەردەچێت و مافی ئازادکردنیان هەیە، سێ لە زیندانییانی سیاسیی ژن بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، وریشە مواردی و شەریفە محەمەدی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و داوای گۆڕینی سزاکەیان بۆ زیندانییکردن کراوە.

 

عیمەددین باقی نووسەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی ئێران وتیشی: ئەو دوو ژنە کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕیان دژی داعش کردووە و پەیوەندییەکیان بە گرووپە چەکدارەکانی ناو ئێرانەوە نییە، شەریفە محەمەدی بەهیچ کردەوەیەکی سیاسیی تێوەنەگڵاوە، ئەو کەسانە نە گەندەڵی و نە کوشتن و نە تاوانی توندوتیژییان ئەنجامداوە، ئەوان تەنها بیروڕای سیاسی خۆیان دەردەبڕی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر زیندانیی سیاسی هەن کە لە لیستەکەدا نەهاتوون، کە بەهۆی پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستگیرکراون و بارودۆخیان نادیارە.