لە باشووری کوردستان چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستیپێکرد

نوێنەرایەتی کۆنگرە ستار و ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە لە باشووری کوردستان، دەستیان بە چالاکییەکانیانی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرد.

سلێمانی 

 

لە شاری سلێمانی، نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە"، بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی، دەستیان بە چالاکییەکانیان بۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرد، ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوەو داوای ڕێکخستن و هەڵوێستی گەورەتر کرا دژی ئەو سیستەمەی کە دووژمنایەتی ژنان دەکات. هەروەها ڕاگەیاندرا کە لە پرۆسەکەدا وەک ڕێکخستنەکانی ژنان، پێویستە ژنان بە یەکخستنی هێزی خۆیان گەورەترین وەڵام بە دەسەڵات بدەنەوە.

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ـی نۆڤەمبەر وۆڕکشپۆپ، سیمینار و کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجام دەدرێت.

 

ڕاگەیەندراوی دەستپێکردنی چالاکییەکان لەلایەن بێریڤان محەمەد، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە خوێندرایەوە و دەقەکەی بەمشێوەیەیە:

 

“بۆ گەلەکەمان لە باشووری کوردستان؛

سەرەتا بە ڕێزەوە یادی خوشکانی میراباڵ دەکەینەوە کە بە تێکۆشانیان دژی دەسەڵات، میراتێکی خۆڕاگری و قوربانیدانیان بۆمان بەجێهێشت و هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی تێکۆشان دژی توندوتیژی دیاریکرا. لە کەسایەتی ئەو تێکۆشەرانەدا، لە مێژووەوە تا ئەمڕۆمان، بە ڕێزەوە هەموو قارەمان و تێکۆشەر و فیداکار و ڕێنیشاندەرانمان، ڕۆزا لۆکسەنبورگ، ساکینە جانسز، شیلان کۆبانێ، سۆسن بیرهات، یوسرا، لێمان، ئاریەن ماکۆ، گوڵستان و هێرۆ بەهادینان و هەزاران تێکۆشەر کە ناویانمان نەنووسیوە، بەڵێن دەدەین کە دۆزەکەیان گەورەتر بکەین.

 

ئێمە وەک تەڤگەری کۆنگرە ستار لەسەرەتای دامەزراندنمانەوە تا ئێستا لەسەر میراتی بەرخۆدانی ئەو کەسانە ڕۆیشتوین و گەشەمان کردووە کە لە پێناو ئازادیدا قوربانییان داوە. ئاگاداری زەحمەت و خۆڕاگری ئەوان بووین. ئەمڕۆ بە هەموو هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییمانەوە تێکۆشانی بێهاوتای دژ بە عەقڵییەتی جیهادی بەڕێوەدەبەین.

 

عەقڵییەتی باڵادەست لە سەدەی بیست و یەکدا چەندین هێرشی بۆ سەر کۆمەڵگا و بەتایبەتی بۆ سەر ژنان ئەنجامداوە. لە هەموو ناوچەیەکی کوردستاندا سیاسەتی جیاواز جێبەجێ کراوە. ئەمڕۆ لە سووریا ئەو ڕژێمەی هاتووەتە سەر دەسەڵات، سیاسەتێکی ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکات کە ژنان دەکاتە ئامانج و بێ ئیرادەیان دەکات. ئەوە بە ڕوونی لەو یاسایانەی کە بەپێچەوانەی ویستی ژنان دەردەچن دەبینین، لە سیاسەت و بوارەکانی تری ژیاندا، لەو فشارانەی کە دەخرێنە سەر ژنان، تەنانەت لە چوونە دەرەوە و جلوبەرگیشدا. ئەمڕۆ لە سووریادا عەقڵییەتێک جێبەجێ دەکرێت کە تەمەنی لە سەدەکانی ناوەڕاست تێپەڕیوە.

 

لە لایەک سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییمان بە هەموو هێز و بە تێکۆشانێکی گەورەوە دەیەوێت ژنان ئازاد بکات و هەوڵی ئەوە دەدات، لە لایەکی دیکەوە سیستەمێک کە جیهادییەکان بەڕێوەی دەبەن هەوڵی زیاتر ملکەچکردنی ژنان و دابڕینیان لە کۆمەڵگە دەدات. هەروەها دەزانین کە ئەرکی ئێمە لێرە زۆر گەورەیە و ئەو ڕۆڵەی کە وەرمانگرتووە زۆر گرنگە.

 

دەسەڵات لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی کاریان لەسەر کۆنەپەرستی ئاینی و ڕەگەزپەرستی کردووە. بەتایبەتی بۆ قوڵکردنەوەی ڕەگەزپەرستی، ئیسلامی ڕادیکاڵ ڕۆڵیان هەبووە. هەربۆیە لە ئەفغانستان تاڵیبان و لە سووریاش هەتەشەیان دامەزراند و ڕێگایەکی پێبەخشی. ئەمڕۆ لە کەسایەتی ئەو بزووتنەوانەدا، ئیرادەی ژن بە تەواوی تێکدەشکێندرێت، بێ شووناس و بێ ئیرادە دەهێڵدرێنەوە. ئەوان بە زانابوون دەترسێنرێن بۆ ئەوەی ژنان لە ماڵەکانیان دەرنەچن. ئەگەر ژنان خاوەن ڕێکخستن نەبن، ئەوا ناچار دەبن ملکەچی یاسا چەپەڵەکانیان بن.

 

لە کەسایەتی ژنانی سووەیدا و ژنانی کەناراوەکان، بینیمان چی بەسەر ئەو ژنانەدا دێت کە بەڕێکخستن نین. ئێمە وەک ژن دەبێ باش ئاگادار بین کە هیچ دەوڵەتێک پشتیوانی لە ئازادیی ژنان ناکات. هیچ دەوڵەتێک نایەوێت ژن خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت. ئەمەش بە ڕوونی لە نموونەی ئەو شوێنانەدا دەرکەوت. بە تایبەت ئەمساڵ ژنانی سووەیدا و لە کەناراوەکان کوژران و ئەوانەی لە شار ڕفێندران و فرۆشران، شەرمەزارییەکی گەورەن. ئەمە شەرمەزارییە بۆ هەموو جیهان و هەموو مرۆڤایەتی. تەنانەت پێویستە ئەو ژنانە ئەم کارانە قبوڵ ناکەن، کە بەهۆیانەوە ناڕەحەت دەبن و بەدەنگ بێن. بێدەنگییش شەرمەزاریەکی گەورەیە. بەکارهێنانی هێزی مرۆڤ لە کردارەکاندا ئەنجامێکی بەرجەستەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

باشووری کوردستانیش خاوەنی میراتێکی بەرخۆدانە. هەر لە لەیلا قاسمەوە تا ڤیان سۆران، هێرۆ بەهادین، لە تێکۆشانی  ئازادی ژناندا قوربانی زۆر گەورە دراوە. لە بەرامبەر ئەم خۆڕاگرییەی ژنان، لە سیستەمی دەوڵەتی عێراقیشدا مەترسی گەورە بۆسەر ژنان هەیە. یاساکانی ئەم دواییەی دژ بە ژنان لەژێر پەردەی باری کەسیی کە لەم ساڵانەی دواییدا دەرکراون، ئەوە دەردەخەن کە دەیانەوێت لە ڕێگەی یاساوە ئیرادەی ژنان بشکێنن و درێژە بە ڕەگەزپەرستیی بدەن و ڕەوایەتی پێ بدەن. هەروەها قووڵبوونەوەی هاوسەرگیری پێشوەختە و فرەژنی لە یاساکانی عێراقدا هەیە. ئێمە دەزانین کە ژنان هەرگیز لەبەرامبەر ئەو کردەوانەدا بێدەنگ نابن. چونکە ژنان لەم هەرێمەدا میراتێکی دێرینی بەرخۆدانیان هەیە.

 

پێمان وایە لەمەبەدوا ڕێکخستنی خۆیان بەهێزتر دەکەن و هەڵوێستێکی گەورەتر لە دژی ئەو سیستەمە نیشان دەدەن کە دوژمنایەتی ژنان دەکات. لەم پرۆسەیەدا، وەک ڕێکخستنەکانی ژنان، بەهێزکردنی هێزمان گەورەترین وەڵامە بۆ دەسەڵات. هەروەها دەڵێین لەم ڕۆژەدا ئێمە وەک ڕێکخستنەکانی ژنان هێزی خۆمان یەکدەخەین و هەڵوێستێکی بەرهەمدار لە دژی سیستەمی ڕەگەزپەرستی نیشان دەدەین. لەبەرامبەر ئەو کارانەدا پێویستە ئێمە وەک ژنانی کورد بزانین کە یەکڕیزیمان چارەسەری سەرەکی دەهێنێتە ئاراوە. بۆیە پێویستە لە جیهانێکی دیموکراتیکدا یەکێتی ژنانی کورد دابمەزرێنین.

 

لەسەر ئەو بنەمایە جارێکی تر لە دڵەوە سڵاوتان لێدەکەین و لە بەرخۆدان و تێکۆشانتاندا هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێڕیی

نوێنەرایەتی کۆنگرە ستار لە باشووری کوردستان

نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی ژنانی پەیەدە لە باشووری کوردستان”