لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یادی ڕاپەرینی قامیشلۆ کرایەوە

لە شاری قامیشلو و تل تەمر و کۆبانێ و حەلەب و شەهبا بە بۆنەی ١٨هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠٠٤ی قامیشلو ڕاگەیەندراو خوێندرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

١٨ ساڵ بەر لە ئێستا بەهۆی کۆمەڵکوژکردنی دەیان گەنجی کورد لە یاریگای تۆپی پێ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ڕاپەرینی قامیشلۆ سەریهەڵدا، ساڵانە لەم ڕۆژەدا یادی ئەو ڕاپەرینە دەکرێتەوە و ئەمساڵیش بەیاننامە و پەیامە گرنگەکان گرنگی ڕاپەڕینی قامیشلۆیان خستەڕوو.

 

قامیشلۆ

بە دروشمی "بە ڕۆحی بەرخۆدانی گەلان یادی ١٨ ساڵەی ڕاپەڕینی قامیشلۆ دەکەینەوە"، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕاپەرینە کەرنەڤاڵیکی ساڵانەی ڕێکخست، کەرنەڤاڵەکە لە یاریگای شەهیدانی ١٢ی ئادار لە شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بەشداری نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزە سەربازییەکان و کەسوکاری شەهیدان و ڕێکخراوەکانی ژنان و جوڵانەوەکانی ژنان و هەزاران دانیشتووی کانتۆنی قامیشلۆ بەڕێوەچوو.

 

"ڕووناکی ١٢ی ئادار لە بەرخۆدانی گەل پێک دێت"

دوای خولەکێک ڕێزگرتن جەواهیر عوسمان، ئەندامی کۆمەڵەی کەسوکاری شەهیدان وتی: "بە ڕۆحی بەرخۆدانی گەل هەموو شەهیدان بەبیردێنینەوەو سڵاوێکی گەرممان بۆ خەڵکی ئامادە و بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان هەیە،١٢ی ئادار وەک ڕوناکی ئازادی لە سەرتاسەری ڕۆژئاوای کوردستان بوو کە لە دڵی گەل هاتە دەرەوە، لە یاریگای ١٢ی ئاداردا ڕژێمی بەعس هەوڵی دروستکردنی فیتنەیی دا لە نێوان پێکهاتەکانی کورد و عەرەب، بێگومان ئامانجیان بەدینەهاتووە، چونکە سیستمەکەمان سیستمی نەتەوەیی دیموکراتییە و برایەتیی گەلان لێرە سەرکەوتوو بووە.

 

لە کەرنەڤاڵەکەدا تیپی نێودەوڵەتی خوێندنگەی پڵنگی تایکۆواندۆ لە شاری حەسەکە و تیمی کاراتی ئاسایشی قامیشلۆ و تیپی هونەری مارش لەسەر زەوی یاریگا نمایشیان کرد، کەرنەڤاڵەکە بە یارییەکی تۆپی پێی نێوان یانەی ئەلجەهاد لە قامیشلۆ و یانەی ئەلفیتیوە لەشاری دێرەزۆر کۆتایی هات.

 

تل تەمر

پارتی یەکێتی دیموکراتی "پەیەدە" بە بەشداری دەیان خێزانی شەهیدان و هەڤاڵانیان لە دەزگای کەسوکاری شەهیدان ڕاگەیەندراوێکی دا کە لە لایەن ئیدریس یونس ئەندامی پەیەدە خوێندرایەوە: "ئەمڕۆ ئاگری ڕاپەڕینی قامشلۆ بە یەکڕیزیی گەلی کورد و عەرەب زیادی کردووە، هەروەها هەموو ئەو پلانانەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئامادەکرابوون بە جێبەجێکردنی پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک تێکچوو".

 

حەلەب

بەبۆنەی ١٨هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی قامیشلۆ کە ٤٠ گەنجی کورد کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون و ژمارەیەکی زۆریش لەلایەن ڕژێمی سوریاوە دەستگیرکران، لە ساڵیادی ئەم ڕاپەڕینەدا، پەیەدە لەبەردەم ناوەندی پارتەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسودی خاربی بە بەشداری دەیان ئەندامی ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنییەکان ڕاگەیەندراوێکی پێشکەشکرد، کە لایەن بەدران هێمۆ خوێندرایەوە: "ڕاپەڕینی ١٢ی ئادار ڕۆحی شۆڤێنیزم و ڕەگەزپەرستی لە مێشکی بەعسدا لە دژی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا تێکشکاند، تا ئەمڕۆش ئەم بۆچوونانە لە دژی قەوارەکانی سوریا نەگۆڕاون پێویستە هەموو ئەو کەسانەی لەسەر ئەم خاکە دەژین یەکبگرن و دژی هەموو ئەو هێرش و داگیرکارییانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنە سەر ئەم خاکە تێبکۆشن، دەوڵەتی سوریا هیچ کاردانەوەیەکی جدی بەرامبەر بەسیاسەتی تورکیا دەرنەبڕیوە ئێمە ئیدانەی هەموو کردەوە دوژمنکارەکان دەکەین بۆ ئەوەی لە سوریایەکی ئازاد بژین، پێویستە یەکڕیزیی خۆمان بناغە بکەین".

 

شەهبا

هەر بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەرینی قامیشلۆوە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی هەرێمی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و یادی شەهیدانی ڕاپەڕینی کردەوە، لێدوانەکە لە کامپی بەرخۆدان لە ناوچەی فافینی شەهبا بە بەشداری بەڕێوەبەرانی دەزگا و دامەزراوەکان خوێندرایەوەو وێنەی پاکڕەوان و ئەوانەی لە تل ڕەفعەت کۆمەڵکوژ کردن بەرز کرانەوە.

 

بەیاننامەکە لەلایەن بەنگین مەمۆ، ئەندامی دەستەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی هەرێمی عەفرینەوە خوێندرایەوە کە تیشکی خستە سەر سیاسەتی دژ بە کورد و وتی: "کوردەکانی سوریا ئەزموونێکی قورسیان لەگەڵ ڕژێمی شۆڤێنیستی نەتەوەپەرستی بەعسدا هەبوو کە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرد و چەندین سیاسەتی ناڕەوایان لە دژی کورد پەیڕەو کرد، وەک نکۆڵیکردن لە زمانەکەیان و بێبەشکردنی سەدان ناسنامەی نەتەوەیی، هەوڵیشیدا لەسەر هێڵی نەتەوەپەرستی ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکان بەتایبەتی لەنێوان کوردو عەرەبدا دروست بکات و سوود لەبوارە وەرزشییەکان وەربگرێت، لە جیاتی ئەوەی ببێتە دەرفەتێکی کۆمەڵایەتی بۆ مرۆڤایەتی و یەکێتی نەتەوەیی، بوو بە پێکدادانێک لە نێوان لایەنگرانی ئەو دوو تیپەدا لەئاکامدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕژێمی سوریا دەستتێوەردانیان کردووەوە چەکیان بەکارهێناوە و ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی کوردیان بریندارکردووەوە شەهیدیان کردووە".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی عەفرین، شەهیدانی ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠٠٤ی قامیشلۆ بەبیردێنینەوەو بەڵێنی پاراستنی دۆزی خۆیان و شەرمەزارکردنی ڕژێم دەدەین، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن و کێشەی کورد و ئەو پێکهاتانەی کە ماون لە سوریا بە یاسایی چارەسەر بکەن".

 

کۆبانێ

دەیان ئەندام و خەباتکاری خۆبەڕێوەبەری، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتی "TEV-DEM" پارتە سیاسییەکان، یەکێتی ژنانی گەنج و بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ، ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان و هێزەکانی پاراستنی جەوهەری لە یاریگای دۆستایەتی کۆبانێ و نەرویجی بۆردی گەنجان و وەرزش کۆبوونەوە و لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی قامیشلۆدا ڕاگەیەندراوێکیان پێشکەشکرد.

 

بەیاننامەکە لەلایەن هاوسەرۆکایەتیی دەستەی وەرزش و لاوان خوناڤ خەلیل خوێندرایەوەو تێیدا هاتووە: "لە ساڵی ٢٠٠٤ لەم ڕۆژەدا ڕاپەڕینی پیرۆزی قامیشلۆ لە دژی ڕژێمی شۆڤێنی بەعس کە یەکەمین شۆڕشی ئاشتیخوازانە و دیموکراسیانەی خەڵکی بوو لە دژی حوکمی دیکتاتۆری دەستیپێکرد، ڕژێمی بەعس ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سوریا دروست کردووەو ڕق و کینەی لەناو گەلانی ناوچەکە بۆ لاوازکردنیان بڵاوکردوەتەوە، ڕاپەڕینی کوردی قامیشلۆ سەرەتای شۆڕشی سوریا بوو بووە شوێنێک کە گەلی سوریا بەربەست و بێدەنگی و ترسی لە ستەم شکاند و داوای مافە ڕەواکانی کرد ئەمڕۆ دوای ١٨ سال ڕۆحی ئەو ڕاپەڕینە لە ویژدانی گەلانی سوریادا زیندووە".

 

"ڕژێمی سوریا ناتوانێت وەک جاران ناکۆکی دروست بکات"

 

سۆزدار شەیخو، هاوسەرۆکی کۆمیتەی ناوخۆی هەرێمی فورات بۆچوونی خۆی خستەڕوو و وتی: "ئەو شەهیدانەی کە لە ڕاپەڕینی قامیشلۆ گیانیان لەدەستداوە بەبیر دێنینەوە، ئەو شەڕەی کە لەو کاتەدا ڕوویدا ڕۆڵی ڕژێمی سوریا یەکلاکەرەوە بوو ئەو یاری و هەوڵ و پەلامارانەی ڕژێمی سوریا لەو کاتەوە بەردەوام بوون بەڵام ئێستا وەک ساڵی ٢٠٠٥ نییە، ئەمڕۆ بە سوپاس بۆ شۆڕشی ١٩ی تەمموز نەک تەنیا کورد و عەرەب، بەڵکو هەموو ئەو پێکهاتانەی لە ناوچەکەدا دەژین بە یەکسانی و دیموکراسیانە پێکەوە دەژین سەرەڕای ئەوەش هەموو پێکهاتەکان ئاگاداری پلانی ڕژێمی سوریان".