کەژەکە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک داوایەک ئاڕاستەی یونسکۆ دەکات
کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە، داوا لە یونسکۆ دەکات کار بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی دەوڵەتی تورک بکات لەسەر ڕێکخراوەکانی زمان و دەزگا ڕاگەیاندنە کوردییەکان لە باکووری کوردستان. ناوەندی هەواڵ
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-20210428-20210428-20181007-kjkff6621-image-jpgbb3500-image-jpge6d1c3-image-jpg1ed77f-image.jpg)
کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە، داوا لە یونسکۆ دەکات کار بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی دەوڵەتی تورک بکات لەسەر ڕێکخراوەکانی زمان و دەزگا ڕاگەیاندنە کوردییەکان لە باکووری کوردستان.
ناوەندی هەواڵ
کەژەکە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە کە ٢١ی شوبات-ە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "بەپێی ئەو نەخشەیەی یونسکۆ بڵاویکردووەتەوە لەسەر ئەو زمانانەی مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، لە تورکیا کە خۆی یەکێکە لە ٢٠ وڵاتەکەی ئەندامی یونسکۆ، تائێستا ١٨ زمان لەناوچوون یاخود لە لێواری لەناوچووندان، پێویستە بەئەرکی خۆی هەستێت بۆ نەهێشتنی گوشار و کۆتایی بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک بهێنێت لەسەر ڕێکخراوەکانی زمان، کەلتوور و ڕاگەیاندنی کوردیی".
کەژەکە داوا لە یونسکۆ دەکات، ئەو پەیماننامانە جێبەجێ بکات لە وڵاتانی ئەندامی یونسکۆ، بەتایبەت بۆ ئەوەی زمانی گەلانی ژێردەست بەتایبەتیش زمانی کوردیی ببێتە خاوەن ستاتۆیەکی سیاسیی، ئاماژە بەوەشکراوە کە دەوڵەتی تورک سیاسەتێکی لەناوبەرانە دژی زمانی کوردیی بەڕێوەدەبات، دانانی زمانی کوردیی وەک وانە لە چەند خوێندنگایەک، بەو واتایە نییە کە سیاسەتی لەناوبردنی زمان نەماوە، چونکە هەتا ئێستاش ئەندامانی ڕاگەیاندنە کوردییەکان دەستگیردەکرێن و کارەکانی دیکە لەچوارچێوەی زمانی کوردیی ئاستەنگ دەکرێن و ڕێگرییان لێدەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتی ئێرانەوە منداڵانی کورد بێبەش کراون لە خوێندن بەزمانی دایک و مامۆستا زارا محەمەدی لەبەر ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وانەی زمانی کوردیی بە کۆمەڵێک منداڵی کورد دەوتەوە، لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و سزای پێنج ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا، لە کەسایەتیی مامۆستا زارا ئاشکرابوو، کە دەوڵەتی ئێران چ سیاسەتێکی لەناوبەر دژی زمانی کوردیی بەکاردەهێنێت".
لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکە کەژەکە دەڵیت: "هەبوونی زمانی دایک و قسەکردن و بەرەوپێشبردنی، مافێکی زۆر سروشتیی و واتادار و کۆمەڵایەتییە، زمانی دایک ناسنامەی هەموو زیندوویەکی گەردوونە، بەڵام بێبەشکردنی کورد کە گەلێکی ٤٠ ملیۆنییە لە خوێندن بەزمانی دایک، گەورەترین کۆمەڵکوژییە".