وڵاتانی جیهان نیگەرانن لە دابینکردنی خۆراک

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکای باکوور، ئاستەنگی و هەڵاوسانی نرخ لە بازاڕەکانی جیهان دروست دەکات و کاریگەری لەسەر نرخی خۆراک دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پلەی گەرمای سووتێنەر کێڵگەکان لە ئەمریکاوە تا چین وێران دەکات، دروێنەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ڕێژەی بەرهەمهێنانی میوە و شیرەمەنی خستووەتە ژێر فشارەوە.

 

کەشوهەوای توند یەکێکە لە مەترسییە کاریگەرەکان لەسەر پێداویستی خۆراکی جیهان، هیندستان بە سەرەکیترین وڵاتی هەناردەکاری برنج دادەنرێت، بەڵام بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی ناوخۆیی برنج لەم هەفتەیەدا بەشێک لە هەناردەکردنی ڕاگرت، ڕووسیا لە ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش کشایەوە و ڕێگری لە هەناردەکردنی دانەوێڵە و خۆراکی لە دەریای ڕەش کرد.

 

 هاوکات گۆرانی کەشوهەوا و دیاردەی ژینگەیی ئێل نینۆ زیانێکی زیاتر بە کشتوکاڵ دەگەیەنێت، ئەمانەش نیگەرانییەکان بۆ قەیرانی خۆراکی جیهانی و نرخەکان نوێ دەکاتەوە، مەترسی هەڵاوسانی نرخ بۆ خواردن و پێداویستییەکانی هاووڵاتیان دروست دەکات.

 

ئەو گەرما زۆرەی کە بەشێکی گەورەی ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکای باکووری گرتووەتەوە، ساڵێكی سەختی بۆ جوتیاران دروستکردووە، چونکە ناچار بوون لەگەڵ گۆڕانەکانی کەشوهەوا بجەنگن، لەوانە وشکەساڵی درێژخایەن، بارانبارینی بەخوڕ و لافاو.

 

ئێستا، باشووری ئەوروپا بەجۆرێک گەرمبووە کە مانگاکان شیری کەمتر بەرهەم دەهێنن و بەرهەمی تەماتە تێکچووەم دروێنەی دانەوێڵە بەهۆی وشکەساڵییەوە کەمیکردووە.

 

وشکەساڵی بووەتە هۆی دابەزینی ڕێژەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە ئیتاڵیا، ئیسپانیا و پورتوگال بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٪٦٠، ئەمەش بە خراپترین دروێنەی دانەوێڵە لە یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی ١٥ ساڵدا دادەنرێت.

 

لە ئاسیا، بەرهەمی کێڵگە برنجییەکانی چین لە مەترسیدایە و بارودۆخی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی بەرهەمەکان لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا لە مانگی حوزەیران لە خراپترین ئاستیدا بوو، لەم دواییانەدا نرخی برنج لە ئاسیا گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی دوو ساڵدا، بەهۆی ئەوەی کەمی بەرهەمهێنانی برنج.

 

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی خۆراک، نرخی فرۆشتنی برنج لە نیودەهلی ئەمساڵ نزیکەی ٪ ١٥ بەرزبووەتەوە لەکاتێکدا تێکڕای نرخی برنجی سەرتاسەری وڵات بەڕێژەی ٪ ٩ بەرزبووەتەوە، کۆمپانیای نۆمورا هۆڵدینگز هۆشداری داوە لەوەی حکومەت سنووردارکردنەکان بۆ جۆرەکانی تری برنج درێژ بکاتەوە.

 

لە شوێنەکانی دیکەی ئاسیا، تایلەند داوای لە جووتیاران دەکات کە ئەمساڵ چاندنی برنج تەنها بۆ یەک بەرهەم سنووردار بکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە مەترسی وشکەساڵی لەسەرە و بەرهەمی برنجیش پێویستی بە بڕێکی گونجاو لە ئاو هەیە.

 

 لە چین، پێدەچێت پلەی گەرمی بەرز دەبێتە هۆی زوو پێگەیشتنی بەرهەمەکان پێش کامڵبوونیان، ئەمەش کاریگەری لەسەر جۆرییەتی بەرهەمەکان دەبێت، بەگوێرەی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی شی جینپینگ ڕۆژی پێنجشەممە جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایشی کشتوکاڵی وڵات کردەوە.