ژنانی هیندستان هەفتەیەکە لە شەقامدان

ژنانی هیندستان دژی سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی و بەتایبەتیش دەستدرێژی سێکسی ماوەی هەفتەیەکە لە شەقامدان.

ناوەندی هەواڵ

 

نزیکەی هەفتەیەکە ژنانی هیندستان دژی بەردەوامی توندوتیژییەکان و دەستدرێژی سێکسی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوا دەکەن کۆتایی بەو دیاردانە بهێندرێت، چونکە وڵاتەکە بە یەکێک لە پڕ مەترسیترین وڵاتەکانی جیهان هەژمار دەکرێت بۆ ژنان، کە تێیدا توندوتیژی جەستەیی و دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی ژن لە ئاستێکی زۆر بەرز و مەترسیدار دایە.

 

ژنانی هیندستان دژی سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی و بەتایبەتیش دەستدرێژی سێکسی خۆپیشاندان دەکەن، ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتیی دەربڕینە دوای ئەوە دەستی پێکرد، کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، دوو ژن "ڕووتکرانەوە" و پاشان بە کۆمەڵ دەستدرێژی کرایە سەریان، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ٧٨ ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەدا سەرۆک وەزیران تەنها ئیدانەی ڕووداوەکەی کرد، هیچ ڕێکاری جدی یاسایی نەگرتووەتەبەر دژی ئەنجامدەرانی.

 

زیاتر لە ١٥ هەزار خۆپیشاندەر داوای دادپەروەریی بۆ ئەو ژنانە و کۆتایی هێنان بە توندوتیژی و دەستدرێژییە سێکسێکان دەکەن، بەڵام پۆلیس بە توندی وەڵامی خۆپیشاندەران دەداتەوە و چەندین ژنی خۆپیشاندەر دەستگیر کراون.