چۆن گرژی ماسولکەکانت کەمدەکەیتەوە لە ڕێگای خۆراکەوە؟

پزیشک هەڤین کەمال چۆنیەتی ڕزگاربوون لە گرژبوونی ماسولکەکان لە ڕێگەی خۆراکەوە دەخاتەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

هه‌ڤین که‌مال، پزیشکی پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج بڵاوی کردەوە، یەکێک لە هەرە کێشە باوە تەندروستییەکانی ئەم سەردەمە، دروستبوونی گرژی ماسولکەکانە، بەتایبەت ماسولکەکانی پوز و شان و مل، کە زۆربەی جار هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ماندووبوون و لایف ستایلی خراپ، کەمی خواردنەوەی ئاو و زیاد خۆری لە خواردنی فاست فوود و ناتەندروست.

 

دەشڵێت: نێرگەلە کێشان و جگەرەی ئەلەکترۆنی و جگەرەی ئاسایی بەهەمان شێوە کاریگەری زۆریان هەیە، خواردنەوەی ڕێژەیەکی زۆریش لە چا و قاوە و خواردنەوە گازییەکان کاریگەری خراپیان هەیە، ئەمانە و چەندەها هۆکاری تر و نەخۆشی ماسولکەکان لەوانەیە گرژی دروست بکەن.

 

لێرەدا باس لەو خواردن و خواردنانەوە دەکەین کە پێویستە زیادی بکەین بۆ ژەمە خۆراکیەکانمان بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژییە:

 

-پەتاتەی شیرین، لەبەرئەوەی ماددەی کالسێۆم و مەگنیسێۆم و پۆتاسێۆمی تیادایە، کە گرژی و ڕەقبوونی ماسولکە ناھێڵێت .

-ئەڤۆکادۆ کە ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆمی تیادایە کە ماسولکە خاوکەرەوەیە.

-پاقلەمەنیەکان، فاسۆڵیا، لۆبیا، ڕێژەیەکی زۆر مەگنیسێۆمی تیادایە کە ئازاری ماسولکە ناھێڵێت .

-شووتی یاخود شەربەتەکەی، ناھێڵێت ماسولکەکان وشک بنەوە چونکە ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تیادایە .

-شیر یاخود شیرەمەنیەکان، ڕێژەیەکی زۆر پرۆتینی تیادایە کەیارمەتی دروست بوونەوەی خانە تێکشکاوەکانی ماسولکە دەدات .

 

-سرکەمەنی یاخود ترشیات و خەیار شۆر، کاریگەری ھەیە لەسەر تەحفیز کردنی دەمارەکان کەئەویش دەبێتە ھۆی نەھێشتنی ئازار و ڕەقبوونی ماسولکەکان .

-سەوزە گەڵا تۆخەکانی وەکو سڵق و کاھوو و سپێناغ و ..ھتد، ڕێژەیەکی زۆر کالسیۆم و ماگنیسیۆمیان تیادایە، پرتەقاڵ و نارنج و سندی، ڕێژەیەکی زۆر ئاو پۆتاسێۆمیان تیادایە کە یارمەتی خاوکردنەوە و باشتر بوونی ماسولکەکان دەدەن.

 

-چەرەزات، بەھەموو جۆرەکانیەوە سەرچاوەیەکی باشن بۆ مەگنیسیۆم.

-ماسی، بەتایبەتی جۆری سەلەمۆن کە چەوریەکەی هانی چالاک بوونی سوڕی خۆێن دەدات کە کاریگەری ھەیە لەسەر کاری ماسولکەکان .

-تەماتە، ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆمی تیادایە، کە یارمەتی خاوکردنەوەی ماسولکەکان دەدات .

-ئاو، خواردنەوەی ئاو بەڕێژەی زۆر ١٢ پەرداخ و زیاتر لەڕۆژێکدا، ڕێگری دەکات لە ووشکبوونەوەی ماسولکەکان و ئیش وکاریان چالاک دەکات .