داوای لێکۆڵینەوە لە دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک و دوو منداڵەکەی دەکرێت لەلایەن تاڵیبانەوە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان کردووە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک و دوو کچە گەنجەکەی بکەن، لەلایەن ئەندامانی تاڵیبانەوە لە پارێزگای سەرپێل.

ناوەندی هەواڵ

 

هەفتەیەک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن چەند ئەندامێکی تاڵیبانەوە بۆ سەر ژنێک و دوو کچە گەنجەکەی لە پارێزگای سەرپێلی ئەفغانستان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە زنجیرە تویتێکدا داوای دەستبەجێ و بەڕوونی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە لەلایەن تاڵیبانەوە دەکات و ڕایگەیاند، پێویستە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بەپێی یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ سزای لەسێدارەدان ببەن.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە ئاماژەدان بە لێدوانی یەکێک لە قوربانییەکان، کە ڤیدیۆکەی لە میدیا ناوخۆییەکانی ئەفغانستان بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە، لە ٢٨ی شوباتدا دوو ئەندامی تاڵیبان بە زۆر چوونەتە سەر ماڵێک لە گوندی خانقەی سەر بە شاری سومەفڵای پارێزگای سەرپێل، دەستدرێژی دەکەنە سەر دایکێک و دوو منداڵەکەی کە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵە و نووسیویەتی: وردەکارییە بڵاوکراوەکانی دەستدرێژی بەکۆمەڵ بۆ سەر ژنێک و کچەکانی لەلایەن ئەندامانی تاڵیبانەوە ترسناکترین ئاستی پێشێلکردنی مافی مرۆڤە کە لە مێژوودا شاهیدی بووین.

 

هەروەها ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتە نوێیەکە بە دەستدرێژی سێکسی لەلایەن ئەندامانی تاڵیبانەوە نیگەرانییەکانی دروستکردووە و جارێکی دیکە پێویستی بە کاری خێرا لەلایەن تاڵیبانەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستدرێژی سێکسی و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کەیسانەیە لە ڕێگەی دادگاییەکی دادپەروەرانە لە دادگای مەدەنیدا.

 

هەروەها ڕێکخراوەکە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری، چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی و قەرەبووکردنەوەی کاریگەر و گشتگیر کە هاوتایە لەگەڵ توندی ئەو زیانانەی کە تووشی بوون، دووپاتکردەوە.