ژنانی مەریوان سوورن لەسەر درێژەدان بە ڕاپەڕین

ژنانی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایانگەیاند، تا سەرکەوتن و بەدیهێنانی ئازادی، بەردەوام دەبن لە ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی.

ڕۆژین قادری

 

مەریوان- هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژنان کە دەکەوێتە ٨ی ئاداری هەموو ساڵێکەوە، ژنانی مەریوان جارێکی دیکە سوێندیان خوارد کە تا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، درێژە بە ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی بدەن و ڕێبازی نەسرین قادری خوێندکار بگرنەبەر، کە لە کاتی ڕاپەڕیندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.

 

هەرچەندە ڕژێمی ئێران لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی ناڕەزایەتییەکان، هێشتا ژنان و کچان سەرکوت دەکات، بەڵام دەنگی ژنانی تامەزرۆیی ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە هەموو جیهان و ئەو ڕاپەڕینەی کە تا ئێستاش بەردەوامە، کاریگەری لەسەر هەموو جیهان کردووە.

 

سۆما مهری، خوێندکار و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، "ساڵی ڕابردوو لەگەڵ هاوڕێکانم لە نزیک دەریاچەی زرێبار ڕۆژی جیهانی ژنم بەرز ڕاگرت، بەڵام ئەمساڵ جیاواز بوو، چونکە پرسی ژنان بەربڵاوتر بووەتەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ساڵانی پێشوودا هیچ هۆشیارییەک لە کۆمەڵگەدا نەبووە بەو ئاستەی ئێستا، بەشێکی کۆمەڵگەش دژایەتی بوونی ژنانیان لە مەیدانەکەدا دەکرد بەهۆی ئەو دابونەریتە کە سنووردارکردنیان دەسەپاند، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەکەی ئەم دواییە، سنووردارکردنەکان شکێنران و هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەڵسەنگێنران".

 

ئارەزوو حسێن زادە، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری مەریوان وتی: هاوینی ڕابردوو، گیان لەدەستدانی شلێر ڕەسووڵی، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵهاتن لە دەست بەرپرسێکی حکومی کە هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەری دەدا، گیانی لەدەستدا، بووە هۆی ئەوەی ژنانی مەریوان ڕژانە سەر شەقامەکان، ژینا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق کوژرا و بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، تا ئەمڕۆش بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە و ئێمە تا کۆتایی ڕێگاکەیان پەیڕەو دەکەین.

 

لالە فەتاحی، چالاکی مەدەنی، سەبارەت بە ڕۆژی ژنان و ڕاپەڕینی جەماوەری ئەم دواییە ڕایگەیاند، "ماوەی زیاتر لە چل ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێزی لە سەرەتاییترین مافەکانی ژنان نەگرتووە، سەرکوتی پراکتیزە کردووە و یاسای پاشەکشەی بەسەر ژناندا سەپاندووە، وەڵامی هیچ داواکارییەکی بۆ باشترکردنی پێگەی ژنانی نەدایەوە، چونکە بابەتەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژن بوونەتە کارەسات بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی، کۆماری ئیسلامی ژنی ئازاد قبوڵ ناکات و ژنی ئازادیش کۆماری ئیسلامی قبوڵ ناکات، ئێستا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە نەخشە ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئازادی.