لە تونس کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ناونیشانی "سیستەمی مافی مرۆڤ لە ژێر ڕۆشنایی ڕاستی ئێستا" رێکخرا
لە چوارچێوەی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مافی مرۆڤ، تونس میوانداری کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کرد بە ناونیشانی "سیستەمی مافی مرۆڤ لە ژێر ڕۆشنایی ڕاستی ئێستا"، کە لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆشنبیری تونس بۆ یەکگرتن و خولی پەروەردەی ڕێکخرابوو.
زهور مەشرقی
تونس- بەشداربووانی سیمپۆزیۆمەکە جەختیان لە گرنگی هاوپشتی ژنان کردەوە، چ لە ڕێگەی سینەما یان هەر ئامرازێکی دیکە کە توانای گەیاندنی دەنگی ژنان و ئازارەکانیان هەبێت، بە تایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان کە تووشی قەیران و جەنگ بوون، کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، وەک ئەفغانستان و سودان.
لە دەیەمین ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مافی مرۆڤ لە تونس کە لە ١١ی تشرینی دووەمەوە دەستی پێکردووە، کۆمەڵەی ڕۆشنبیری تونس بۆ یەکگرتن و خولی پەروەردەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ناونیشانی "سیستەمی مافی مرۆڤ لە ژێر ڕۆشنایی ڕاستی ئێستا" ڕێکخست، لە ڕۆژی ١٤ی تشرین دووەمدا، لە کۆنگرەکەدا دەرهێنەرانی تونس و دەرەوەی وڵات، ڕۆژنامەنووسان و دەرهێنەرانی ڤێستیڤاڵی فیلم لە ناوچە جیاوازەکانەوە کۆکرایەوە، کە هەموویان یەکگرتووبون بە دۆزی دادپەروەرانە، بۆ ئەوەی پێکەوە بیر لەو ئاڵەنگاریە نوێیانە بکەنەوە کە بەهۆی جێبەجێکردنی سیستەمی ئێستاوە دروست دەبن.
ئامادەبووان باسیان لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکە و ئەفریقا کرد، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ململانێ بەردەوامەکاندا کە هاوڵاتیان بە ژنانیشەوە بوونەتە زیانلێکەوتوو، هەروەها ئیمانویلا زوککالا، ڕۆژنامەنووس و سینەماکاری ئیتاڵی لە دەستێوەردانەکەدا ڕایگەیاند، کە ژنان لە فەڵەستین، سووریا، سودان، لیبیا و ئەفغانستان وەک سوتەمەنی لە شەڕدا بەکارهێنراون، وە لەلایەن گروپە توندڕەوەکان و لایەنە شەڕکەرەکانەوە تووشی ئازاردان بوون.
"ڕۆڵی سینەما لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان"
ماجیدە سویسی، ڕێکخەری ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مافی مرۆڤی "شکۆمەندی لە تونس"، دووپاتی کردەوە، کە ڤێستیڤاڵەکە هەوڵدەدات لە ڕێگەی سینەما و فیلمە هەڵبژێردراوەکانەوە کە باس لە پرسە جیاوازەکانی پەیوەست بەم بابەتە دەکەن، مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی مافی ژنان ئاشکرا بکات.
جەختی لە ڕۆڵی سینەما لە دەربڕین و وێناکردن و پیشاندانی ئازارەکانی ژنان بۆ جیهان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان کردەوە و ڕایگەیاند، کە ڕۆڵی شاشەی سینەما لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان زۆر گرنگە.
"گرێیەک لە قوڕگدا، ئەو گرێیە لە قوڕگی هەر کەسێکی لوبنانیدایە کە بەهۆی شەڕەوە کۆچیان کردووە''
هانیا خوری، دەرهێنەری لوبنانی کە فیلمی "گرێیەک لە قوڕگدا" لە ڤێستیڤاڵەکەدا نمایشکرا، دووپاتیکردەوە، ئەزموونەکەی لە گرێی ڕاستەقینەی قوڕگەوە سەرچاوە دەگرێت کە ژن و پیاوی لوبنانی هەڵیانگرتووە، کە دوای تەقینەوەی بەندەرەکەی ساڵی ٢٠٢٠ لە بەیروتەوە کۆچیان کرد، هۆکاری جێهێشتنیان بە پلەی یەکەم دەروونی بوو، نەک ئابووری، دوای لەدەستدانی هیوا، نیشتمان و خێزان و یادەوەرییەکانیان بەجێهێشت، هەروەها هەوڵیداوە ئەم گرێیانە لە فیلمێکدا کۆبکاتەوە کە ڕەنگدانەوەی ئەزموونییان بێت وەک کۆچبەرێک لە پاریس، کە بەدوای ئاشتی و ژیانێکی باشتر و ئاسوودەیی دەروونیدا دەگەڕێن.
ڕوونیکردەوە، کە فیلمەکە باس لە ئازارەکانی هاوڵاتینی لوبنانی دەکات کە لە ئاوارەیدابوون، چۆن هاتوونەتە ئاراوە، چییان بەسەر هاتووە و چۆن خێزانەکانیان لەگەڵ ئەم دۆخە سەختەدا دەجەنگن، فیلمەکە شێوازی دۆکیۆمێنتاری و گێڕانەوە تێکەڵ دەکات، بۆ ئەوەی هیچ زیادەڕۆییەک نە بێت لە گێڕانەوەی کارەساتەکە.
ڕوونیشیکردەوە، فیلمەکە ڕۆشنایی دەخاتە سەر بارودۆخی کۆچبەرانی لوبنان، کە چۆن هەوڵیانداوە تێکەڵ بە کۆمەڵگەی فەرەنسی بن سەرەڕای گەورەیی ئەو ئازارەی کە خۆیان و خێزانەکانیان هەڵیدەگرن، هەروەها سەرەڕای وابەستەبوونیان بە نیشتمانەوە ناچاربوون بە جێیبهێڵن.
جەختی لەوە کردەوە، کە بۆ زۆربەی کارە سینەماییەکانی پشتی بە ژنان بەستووە وەک پاڵەوان، بۆ ئەوەی ڕۆڵ و هێزی خۆیان لە کۆمەڵگەیەکدا پیشان بدەن کە هەمیشە دژی ئەوان بووە، هەرچەندە ژنانی لوبنان بە خێرایی خۆیان لەگەڵیدا دەگونجێنن، بەڵام هێشتا تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا سەختە.
"هاوپشتی ژنان بۆ زیانلێکەوتووەکان"
مەریەم بوجلبان، ڕێکخەری پەروەردەی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە تونس، هاوسۆزی ڕێکخراوەکەی لەگەڵ هەموو ژنانی ستەملێکراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەربڕی، کە بەدەست شەڕ و ململانێکانەوە دەناڵێنن، تیشکی خستە سەر دۆخی کارەساتبار لە سودان، بەتایبەتی لە شاری فاشر کە لە نێو بێدەنگی جیهاندا بە توندوتیژی و برسێتی و کۆیلەکردن گەمارۆدراوە، هەروەها ژنان لە سودان تووشی دەستدرێژی بەکۆمەڵ و دەستدرێژی بە ئەنقەست بوون بۆ ترساندن و بێدەنگکردنیان.
دەیەمین خولی ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مافی مرۆڤ لە ١١ی تشرینی دووەم، لە شاری تونس دەستیپێکرد و تا ١٥ی تشرینی دووەم بەردەوامە، بە بەشداری زیاتر لە ٣٠ وڵات و نمایشکردنی ٥٥ فیلمی درێژ و دۆکیۆمێنتاری و ئەنیمەیشن، ڤێستیڤاڵەکە ئامانجی تیشک خستنە سەر پرسەکانی ئازادی و شکۆمەندی مرۆڤە لە ڕێگەی سینەماوە.