کۆنگرەی ستار داوای هەنگاوی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی چالاکوان وریشە مورادی دەکات
کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار داوای لە ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و دیموکراتی و تۆڕەکانی هاوپشتی نێودەوڵەتی کرد، کە فشارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە دژی وریشە مورادی، چالاکوانی کورد چڕتر بکەنەوە.
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەر وریشە مورادی، چالاکوانی کورددا گەڕاندەوە، هەنگاوێکە ڕێکخراوەکانی ژنانی تووڕە کردووە، لەوانەش کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار کە بڕیارەکە بە هەڵکشانی سیاسەتەکانی سەرکوت و تۆقاندن لە دژی ژنان و گەلی کورد دەزانێت.
کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ئەمڕۆ ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و هۆشداریی دا، کە هەڕەشەی لەسێدارەدان لە دژی وریشە مورادی هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بۆردومانەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: گەڕاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی چالاکوانی کورد لە ئێران، نیشاندەری ئیرادەی ڕژێمی ئێرانە بۆ درێژەدان بە سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای سەرکوتکردن، تۆقاندن و بێدەنگکردنی ژنان.
جەختی لەوەکردەوە کە نە دەکرێت و نە قبوڵکراوە ژنێک کە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ خەباتی ئازادی گەلی کورد، بەدواداچوونی ژنان بۆ یەکسانی و ئازادی و مافی مرۆڤ و بونیادنانی ژیانێکی شایستەی کەرامەتی مرۆڤایەتی، لە ژێر هەڕەشەی لەسێدارەدان بمێنێتەوە، لە هەمان کاتدا، ئەم بڕیارە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ئیرادەی ژنان بۆ ئازادی، داواکاری دیموکراتیانەی ژنان و گەلی کورد و ئەو دەنگە کۆمەڵایەتیانەی کە دژی ستەم هەڵدەستن.
ئاماژەی بەوەشکرا، بە نزیکەی دوو ساڵ بەسەر بوونی وریشە مورادی لە زینداندا تێپەڕیوە، کە لەو ماوەیەدا تووشی گۆشەگیریی توند و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و بارودۆخی دەستبەسەرکردن بووە کە شکۆی مرۆڤ پێشێل دەکات، لەگەڵ ئەو فشارانەی لە یەکەم ڕۆژی دەستگیرکردنیەوە بەسەریدا سەپێنراوە، ئەو کێشە تەندروستییانەی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، هەروەها ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە وەرگرتنی چارەسەردا، هەموویان بەشێکن لە سیاسەتی سیستماتیکی تۆقاندن کە بەرامبەری پراکتیزە دەکرێت، سەرەڕای هەموو ئەو فشارانە، لەپێناو ئازادیدا دەستبەرداری ئیرادەی خۆی نەبووە.
ڕوونیکردەوە، ئەمڕۆ بەهەمان شێوە هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی وریشە مورادی دەدەن لەڕێگەی لەسێدارەدانەوە، بەڵام هەر سیاسەتێکی سەرکوتکردن کە ژیانی ژنێک و تێکۆشانەکەی بۆ ئازادی بکاتە ئامانج، سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، بەتایبەتی کاتێک بەرخۆدان وەڵامدانەوەی ستەم بێت، جگە لەوەش کاتێک ڕژێمی ئێران مامەڵەی خۆی لەگەڵ گەلی کورد و ژنان و گروپە ناڕازییەکانی ناو کۆمەڵگەدا لە چوارچێوەیەکی ئەمنیەت و سزادا قەتیس دەکات، وەک هەڕەشەیەک مامەڵە لەگەڵ داواکارییە دیموکراتیەکان دەکات، بەدواداچوون بۆ مافەکان بە تاوان دەزانێت و خواستی ناسنامەی جیاواز بۆ بوونیان بە ئازادی سەرکوت دەکات.
کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار جەختی لەوە کردەوە، کە داوای ئازادی ژنان بە بڕیاری دادوەری ناسڕدرێتەوە، هەموو هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژن جارێکی دیکە ئەوە نیشان دەدات کە بۆچی خەبات بۆ یەکسانی و ئازادی وەک پێویستییەک دەمێنێتەوە.
لیژنەی کۆردیناسیۆن لەو باوەڕەدایە کە وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی و ژیانێکی شکۆمەندانە ناتوانێت لە سەرکوت و لەسێدارەدان و ئۆپراسیۆنی سەربازیی زیاتر بێت، وتی: هەڵکشانی هێرشە سەربازییەکانی ڕژێمی ئێران لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژانی دوای دووبارە دەرکردنەوەی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی، جێگەی نیگەرانییە و کاریگەری بەرچاوی هەیە، لە لایەک چالاکوانانی کورد لە ژێر هەڕەشەی لەسێدارەدانن، لە لایەکی دیکەشەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بۆردومان لە ناوچە کوردنشینەکان بەردەوامن، کە بە ڕوونی ڕێبازی ڕژێمی ئێران دەردەخات بۆ پرسی کورد و هەڵوێستی کورد سەبارەت بە مافە سیاسییەکان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنان و بزووتنەوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە یاساییەکان و دامەزراوە دیموکراتییەکان و تۆڕە هاوپشتییە نێودەوڵەتییەکانی کرد، جەخت لەسەر ئەوە دەکەین کە بەرزکردنەوەی دەنگتان بۆ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە دژی وریشە مورادی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە.
کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار جەختی لەوە کردەوە، کە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی سەرکوت و تۆقاندن کە ڕژێمی ئێران پەیڕەوی دەکات، پێویستی بە بونیادنانی فشاری گشتی کاریگەر و بەردەوام هەیە، هەروەها پێویستە داوای پێکهێنانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بکرێت بۆ ئاشکراکردنی هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لە دژی وریشە مورادی ئەنجام دراون، لەگەڵیدا تێکۆشان بۆ دڵنیابوون لە پێکهێنانی ئەم کۆمیسیۆنە.