ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: مەترسی لەسێدارەدانی ۲۰ خۆپیشاندەر هەیە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداری دا، لانی کەم ۲۰ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوواییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەژێر مەترسیی جددیی لەسێدارەدانی بەپەلەدان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پەسەندکردن و جێبەجێکردنی بەپەلەی سزای لەسێدارەدانی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: دادگای باڵای ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی لانی کەم ۲۰ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوواییەی پەسەند کردووە، لە نێو سزادراوەکاندا دوو کەس هەن کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا تەمەنیان لە ژێر ۱۸ ساڵییەوە بووە.

 

باس لەوەش کراوە، دادگاکانی دەسەڵات لە ڕێگەی ئەشکەنجەدانی توند، شۆکی کارەبایی، بەندکردن لە ژووری تاکەکەسی و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر فشاردا، تۆمەتگەلێکی وەک (مەحارەبە) و (مفسد فی الأرض)یان بەسەردا سەپاندوون و لە مافی هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ بێبەشیان کردوون.

 

لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختیشی کردەوە، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ۳٤ کەسی لە بەشداربووانی ئەو ناڕەزایەتییانە لەسێدارە داوە و داوای فریاکەوتنی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەم سزادانانە.