”بە هێرشکردنە سەر گۆڕی شەهیدان ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن”

جیهان گۆلۆ، بەڕێوەبەری دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان، جەختی لەوە کردەوە، کە هێرشکردنە سەر گۆڕی شەهیدان و وێنەکانیان، تەنها هێرش نییە بۆ سەر بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ شکاندنی ئیرادەی بنەماڵەی شەهیدان.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ – عەقڵیەت، بیرکردنەوە، تێڕوانینی سیاسی یان بڕوای هەر کەسێک هەرچییەک بێت، ڕێزگرتن لە گۆڕەکەی بەرپرسیارێتییەکی مرۆڤیی و ڕەوشتییە، لە قورئاندا و لە سورەتی (الإسراء)، ئایەتی ٧٠دا، باس لەو ڕێز و شکۆیە دەکات کە دراوە بە مرۆڤایەتی، ئەم ڕێسایە بنەمای ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ دادەمەزرێنێت، نابێت هیچ ئاین یان بڕوایەک وەک پاساو بۆ پێشێلکردنی شکۆی مرۆڤ بەکاربهێنرێت، بڕوای ڕاستەقینە لە بەهێزکردنی ڕقوکینەدا نییە، بەڵکو لە پاراستنی ویژدان، ڕێزگرتن لە ئازار و پاراستنی بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتیدایە.

 

گۆڕی شەهیدان ڕەنگە تێکبدرێن و وێنەکانیان لابرێن، بەڵام یادەوەری و ئەو بەهایانەی گیانی خۆیان لەپێناودا بەخشیوە تێکناچن و لەناو ناچن، هێرشکردنە سەر گۆڕ و وێنەی شەهیدان تەنها پێشێلکاری و بێڕێزی نییە دژیان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ئامانجگرتنی یادەوەرییەکانیان و بریندارکردنی بنەماڵەکانیان.

 

لە ١٦ی تشرینی یەکەمدا لە حەلەب، دەستدرێژی کرایە سەر مەزاری نەمرانی شێخ مەقسود، جیهان گۆلۆ، بەڕێوەبەری دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دژ بە وێنەو گۆڕی شەهیدان بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

جیهان گۆلۆ سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر وێنە و گۆڕی شەهیدان دەکرێن و وتی: کاتێک هێرش دەکەنە سەر گۆڕی شەهیدان، لە هەمان کاتدا هێرش دەکەنە سەر بەها پیرۆزەکانمان، دەوترێت گۆڕی شەهیدان تێکدراون، ئێمە وەک دایکانی شەهیدان زۆر کاریگەر دەبین، ئێمە ئەم ڕووداوانە بە توندی شەرمەزار دەکەین، ئەگەر ئەم کارە بە ناوی ئیسلامییەتەوە دەکرێت، ئه‌وا من ئه‌و تێگەیشتنەی ئیسلام شەرمەزار دەکەم، لە مێژوودا و لە سەردەمی پێغەمبەرانیشدا هیچ موسڵمانێک نەیدەتوانی دەست بۆ گۆڕی کەسانی تر ببات و پێشێلی بکات.

 

”شەهیدان لە دڵی دایکانیاندا دەژین”

جیهان گۆلۆ جەختی لەوە کردەوە، کە بە هێرشکردنە سەر گۆڕی شەهیدان ناتوانن ئیرادەیان بشکێنن، و ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمە دەریان دەخات چەندە لە هێز و بەهای شەهیدان دەترسن، و وتی: لە گۆڕستانەکانی هەر شارێکدا بەشێک لە ئێمەی تێدایە، ئەم پێشێلکارییانە هەرگیز باوەڕمان کەم ناکاتەوە، چونکە شەهیدان لای خودان و لە دڵی دایکانیاندا دەژین. تا کۆتایی بۆ پاراستنی گۆڕی شەهیدان لەسەر پێ دەمێنینەوە.

 

”ئێمە بڕوامان بە ڕێکخستنەکەی خۆمان هەیە”

جیهان گۆلۆ ڕوونیکردەوە، کە ئامانج لەم پێشێلکارییانە تێکشکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگە و بنەماڵەی شەهیدانە و لاوازکردنی بڕوایانە بە ڕێکخستنەکەیان، وتی: بەم ڕەفتارانە ناتوانن ڕێگە لە بەردەوامیی خەباتەکەمان بگرن و ئامانج لەم پێشێلکارییانە شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگە و بنەماڵەی شەهیدانە، بەڵام ئێمە بڕوامان بە ڕێکخستنەکەی خۆمان هەیە و ئەمەش هەرگیز نابێتە ئاستەنگ لە بەردەمماندا بۆ ئەوەی کار و خەباتمان بەردەوام بکەین، چونکە ئێمە دەزانین شەهیدانمان لەپێناو بەها پیرۆزەکان و ئازادیدا گیانی خۆیان بەختکرد، بێگومان شەهیدان لە هەر شوێنێک بن، ئەو شوێنە بۆ ئێمە شوێنی شکۆ، پیرۆزی و سەربەرزییە.

 

”بەشێک لە جەرگی منیش لەم گۆڕستانانەدایە”

جیهان گۆلۆ ئاماژەی بەوەشکرد، کە هێرشکردنە سەر گۆڕی شەهیدان ئازارێکی قووڵ و قورس بۆ دایکان و بنەماڵەکانیان دروست دەکات و وتی: من وەک دایکی دوو شەهید، ئەم ڕووداوانە زۆر بە ئازارەوە دەبینم، ئەم ڕەفتارانە بۆ ئێمە وەک دایکانی شەهیدان برینێکی قووڵن، بە بڕوا و ئیرادەیەکی بەهێزەوە لێیان دەڕوانین، چونکە بەشێک لە جەرگی منیش لەم گۆڕانەدایە، ڕاستە ئەمە ئازارێکی گەورەیە، بەڵام ئەم کەسە دڕندەو و داعشییانە هەرگیز ناتوانن هەست بە بەهای شەهیدان بکەن و لە واتای بەرخۆدانیان تێبگەن. بەڵام ئێمە تا کۆتایی لەسەر بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەستبەردار نابین و شوێنکەوتووی ڕێگەی شەهیدانمان دەبین.

 

”ئێمە بەهای شەهیدان دەپارێزین”

جیهان گۆلۆ داوای لە بنەماڵەی شەهیدان، کەمئەندامانی سەنگەر و بنەماڵە نیشتمانپەروەردەکان کرد، کە بەرامبەر بەم ڕەفتارانە بێدەنگ نەبن و وتی: بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکان کە لە سەرەتای شۆڕشەوە لە ناو کار و خەباتدان، هەمیشە لە پشتی بەها و دەستکەوتەکانی شۆڕشەوە وەستاون، لەبەر ئەمەش، پێویستە ئێمەش ئه‌مڕۆ لە پشتی گۆڕی شەهیدان بوەستین و بەرامبەر بەم پێشێلکارییانە دەنگمان بەرز بکەینەوە، ئێمە بە یەک دەست و بە یەک زمان دەتوانین بەهای شەهیدان بپارێزین و ڕێگە نەدەین بەرخۆدانەکانیان پێشێل بکرێت، پێویستە بە یەکێتیی خۆمان وەڵامی ئەم ڕەفتارانە بدەینەوە و تا کۆتایی لەسەر پاراستنی بەهای شەهیدان بوەستین.

 

”پێویستە حکومەت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات”

جیهان گۆلۆ لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە حکومەتی کاتی کرد، کە بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی گۆڕی شەهیدان جێبەجێ بکات و بەرامبەر بەم پێشێلکارییانە هەڵوێستێکی جددی نیشان بدات، و وتی: بەرپرسیارێتیی پاراستنی گۆڕی شەهیدان لەسەر شانی حکومەتی کاتییە، پێویستە حکومەت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەرامبەر بەم پێشێلکارییانە بێدەنگ نەبێت و هەنگاوی جددی بنێت تاوەکو ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕەفتارانە بگرێت، گۆڕی شەهیدان بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگەکەمانن و پاراستنیان ئەرکی هەموومانە.

https://youtu.be/mPrJHIw9wuI?si=EZINftG8CGXpNV6d