"ژن، ژیان، ئازادی"؛ هاواری بەرزی ئازادی

کۆمەڵەی نووسەرانی ئێران، لە سەروبەندی دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی دەوڵەتی  ژینا ئەمینی، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە: ڕۆژ نییە شەقامەکان دوور بن لە بەرخۆدانی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی نووسەرانی ئێران لە سەروبەندی دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێم و دەسپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.

 

دەقی تەواوی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:

ئەوەی لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەدایک بوو، بزووتنەوەی ئازادیی لەمێژینەی گەلی ئێرانە کە بە سەختترین دەروازەکاندا تێپەڕی. ئەو ژنانەی کە لە یەکەم ڕۆژەکانی دامەزراندنی ڕژێمی ئیسلامی لە دژی سەرکوتی بەربڵاوی وەستانەوە و خۆیان بە تەنیا بینی بوو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بوونە بەشێکی چارەنووسساز لە بزووتنەوەی ئازادی. ئەمڕۆ ئیتر ناتوانرێت هێڵێکی ڕوون لە نێوان یەکسانی ژنان و داواکارییە ستەمکارەکانی دیکەدا بکێشرێت. بزووتنەوەی ٢٠٢٢ کۆمەڵەی پەرشوبڵاوی ئازادیخوازانی کۆکردەوە و نیشانیدا کە هەوڵەکانیان کاتێک دەبنە یەک جەستە، بناغەکانی ستەمکاری دەهەژێنێت. ئێستا خواستەکانی ژنان تەنیا تایبەت نین بەخۆیان، بەڵکو بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە داخوازییەکانی خوێندکاران، سەندیکاکان، کرێکاران، خانەنشینان و ڕێکخراوەکانی دیکە. هەر وەک ئەمڕۆ، ئازادی ڕادەڕبڕین خواستێکی هەمووانە.

 

لە لایەکی ترەوە حکومەت بەردەوام بووە لە پەیڕەوکردنی ڕێگای تۆقاندن و ترساندن و "خوای شەستەکان" لەم دوو ساڵەدا بە شێوازی جۆراوجۆر فەتوای سەرکوتگەرانەی دەرکردووە. هێشتا بەشێک لە خۆپیشاندەران لە زینداندان، تا ئێستاش داواکاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە دەدرێن، هەراسانکردنی کەسوکاری قوربانیان بێ وەستان بەردەوام بووە و هەندێکجار بە گوشارە ئابوورییەکان، چالاکانی سەندیکا و مەدەنی دەستگیرکراون و دادگایی کراون، نووسەران و هونەرمەندان کەوتنەتە ژێر خەەتەری  "کەیسی کراوە" و ژنان هێشتا لە ترسی ڕفاندن دەڕۆنە دەرەوە.

 

دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، ڕژێم، نمایشێکی  نوێی دەستیپێکردووە، کە یەکێک لە پایەکانی بەڵگەنامەیەک بە ناوی "یاسای پلانی حەوتەمی گەشەپێدانی ڕژێمیی ئیسلامی"یە. دەقێک کە بە ڕوونی نیشان دەدات کە "پێشکەوتن"ی دەرئەنجامی ئەو تەنیا دەرئەنجامی جێبەجێکردنی شەش بەڵگەنامەی پێشوو دەبێت. بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم دەقە، "گەشەپێدانی تۆڕی زانیاری نیشتمانی"، "دەستپێکردنی سیستەمی چاودێری"، "دامەزراندنی ئەرکی ئیلاهی فەرمانکردن بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە" و... پێشتر پێشەرۆژی  ژن، ژیان، ئازادیان ڕوون کردۆتەوە ؛ بەڵگەنامەیەک بۆ بەردەوام بوون لە سەرکوتکردنی ئازادی و تەیارکردنی حکومەت بە یاسایەک کە وا دەکات دەستوەردان لە ژیانی خەڵکدا بکات و ژیانی ئازاد مەحاڵ بکات. هەروەها ناونیشانی بەشی شانزەهەمیش بەڵگەی تێڕوانینی ڕژێمی ئیسلامی بۆ ژنان: "ژن، بنەماڵە و دانیشتووان"؛ ژن، کە ئامێری لەدایکبوونی ڕژێمە، دەبێت "پەروەردە" ببێت و "نموونەی ژنێکی موسڵمان" بێت. وە دیسانەوە، بێگومان ئەم "پەروەردەیە" هەمان گوێڕایەڵی و ڕامکردنە بە فیشەژ و قامچی، هەمان "ڕێنمایی" بە زیندووی وەرگرتن و خستنە ناو بەتانی و کوشتنە.

 

دووبارە خوێندنەوەی ئەو بەڵگە و یاسایانەی کە ڕێساکانی خنکاندن ڕێکدەخەن، کردنەوەی پەنجەرەیەکە کە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین سەیری دەیان ساڵەی سەرکوتکردنی بێوچان و کوشتنی خۆپیشاندەران و "نەشتەرگەری"ی ڕزگاربووان بکەین و دڵنیابین لەوەی کە هەر گۆڕانکارییەک تەنها بە هێزی خەڵک مومکینە ، نەک بە ڕەزامەندی فەرمانڕەواکان. بیرهێنانەوەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بیرهێنانەوەی ئەم دڵنیاییە؛ جەڕەسی ئاگاردارکردنەوە و زیرەک بوونە. هەرچەندە هەندێک جار تێپەڕبوونی کات، لە سایەی سەرکوتی هەناسەبڕکێدا، لەبیرچوونەوە دەهێنێت و نائومێدی بڵاودەکاتەوە؛ کەواتە پیرۆز بێت یادی دووەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ئازادی ساڵی ٢٠٢٢.

 

کۆمەڵەی نووسەرانی ئێران بە پشتبەستن بە بڕگەی یەکەمی میساقەکەیان، داواکاری ئازادیی ڕادەڕبڕین کە بەشێکی دانەبڕاوە لە جەستەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەبەستێتەوە و جارێکی دیکەش، بە دەنگێکی بەرز، پشتگیری خۆی لە داواکارییەکانی خەڵک، داواکاران و زیندانیانی سیاسی ڕایدەگەیەنێت.