ئاکرێ، فشار و هەڕەشەی پیاو بووە هۆی خۆسووتاندنی ژنێک

بەهۆی فشار و هەڕەشەکردن لێی لەلایەن پیاوێکەوە، لەمیس فەهد فازلی ١٧ ساڵ سەرەتای ئەم هەفتەیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەهۆی سەختی سووتاوییەکەیەوە، گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان بووەتە بابەتی ڕۆژانە و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەمیشە فشار بۆ سەر ژنان زیاد دەکات، قەیرانە یەک لەدوا یەکەکان و خراپی دۆخی ئابووری و سیاسی و زیادبوونی داگیرکارییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژنان هەیە و توندوتیژییەکان زیاد دەکات.

 

تۆڕی کۆمەڵایەتی یەکێکە لەو هۆکارانەی کە خراپ بەکارهێنان و نەبوونی هۆشیاری لە بارەیەوە، مەترسی سەر ژیانی ژنانە و پشکی شێری کوشتنی ژنانی بەرکەوتووە، بەوەی کە پیاو فشار دەکات و کۆمەڵگە ژنان ناپارێزێت و دەبنە پاڵنەری کوشتنی ژنان.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، ژنێکی گەنجی ١٧ ساڵ بە هۆی فشاری پیاوێکەوە لە شارۆچکەی ئاکرێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

ژنە گەنجەکە ناوی لەمیس فەهد فازلە، دانشتووی سنووری شارۆچکەی ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆکە، بەهۆی ئەوەی فشار و هەڕەشەکردن لێی لەلایەن پیاوێکەوە، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات و ڕۆژی ٦ی ئایار، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە لە نەخۆشخانەی شاری دهۆک گیانی لەدەستدا.