ژنانی ئەفغانستان: دەبێت تاڵیبان دادگایی بکرێت

بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەنگی ژنانی ئەفغانستان تیشکی خستەسەر دۆخی ژنانی ئەفغانستان و ڕایگەیاند، پێویستە ڕێگری لە هەڵاواردنی ڕەگەزی دژی ژنان بگیرێت و داوای لێپێچینەوە لە تاڵیبان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەندامانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەنگی ژنانی ئەفغانستان کە لە ئێران نیشتەجێن، لە چالاکییەکی ناڕەزایەتی دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان، ڕایانگەیاند، لە پرۆسەی حوکمڕانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ژنان لە هەموو چین و توێژەکانی ژیان و بە تایبەتی لە توێژینەوەکان دوور خراونەتەوە.

 

"دەبێت تاڵیبان دادگایی بکرێت"
ئەندامانی ئەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەی دەنگی ژنانی ئەفغانستان دوێنێ ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە گرنگی بە دۆخی ژنان لە ئەفغانستان بدەن و دان بە پێگەی ڕەگەزیی لەو وڵاتەدا بنێن، ژنانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئەفغانستان کە دوای دەستبەسەردا گرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە ڕوویان لە ئێران کرد، داوایان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە تاڵیبان بە تۆمەتی پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی ژنان لە ئەفغانستان دادگایی بکرێن، هەروەها ئەو ژنانە داوای پاڵپشتی ژنانی چالاکیان کرد.