دژی پاوانخوازی و تاکڕەوی و کپکردنی دەنگی ئازاد گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە گردبوونەوەیەکی ناڕازی دژی دەستگیرکردن و کپکردنی دەنگی ناڕازی، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، پێویستە شکۆی مامۆستا لەکەدار نەکرێت.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێک لە فەرمانبەران، مامۆستایان و خوێندکارانی شاری هەڵەبجە، لە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژی پاوانخوازی و تاکڕەوی و کپکردنی دەنگی ئازاد و جیاواز ڕێکخست.

 

کۆچەر کەریم، فەرمانبەر لە سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە، لە بارەی دەستگیرکردنی مامۆستایەکی زانکۆ بە ناوی ئوسامە ئەشرەف وتی: هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو مامۆستایە چەند بابەتێکی تەنز ئامێز و ڕەخنە ئامێز بووە لە پەرەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک لە بارەی ئەم بارودۆخە نەخوازراوەی لە کوردستان و سەرجەم زانکۆکان بەرێوە دەچێت، لە ڕێگەی پۆستەکانییەوە ڕەخنەی گرتووە و تانەی لە کەس نەداوە.

 

جێی ئاماژەیە، ئەو مامۆستایەی زانکۆی هەڵەبجە، کە ئەندامی ڕێکخراوی سروشتی کوردستانیشە، بەهۆی پۆستە تەنز ئامێزەکانی و ئاشکراکردنی گەندەڵی و ناڕوونییەکانی زانکۆی هەڵەبجە، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، بە ماددەی ٢ی مۆبایل دەستگیرکراوە، هاوکات ڕێکخراوی سروشتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا، "باوەڕمان وایە ئەمەی ڕوویداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و خنکاندنی دەنگە ئازاد و خاوەن هەڵوێستەکانە و مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئازادیی نوسین و ڕادەربڕین و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی لە کوردستان، ئێمە لە ڕێکخراوەکەمان لەگەڵ ئەوەی داوای دەستبەجێ ئازادکردنی مامۆستا ئوسامە دەکەین، ڕووش دەکەینە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکوانان و پارێزەرانی ژینگە و مامۆستایانی هاوپیشەی مامۆستا ئوسامە، کە بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەم پێشهاتە مەترسیدارە، هەوڵەکان چڕ بکەینەوە کە زیندان نەبێتە جێگەی کەسانی ئەکادیمی و چالاکوان و پارێزەرانی ژینگە".