٢٢ کەس لە کامپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان

١١ هاوڵاتی ئەمریکی، ٦ هاوڵاتی کەنەدی، ٤ هاوڵاتی هۆلەندی و هاوڵاتییەکی فینلەندی لە کامپی هۆلەوە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە خێزانی چەتەکانی داعش تێیدا نیشتەجێن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کامپی هۆل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە بنەماڵەی چەتەکانی داعش تێیدا نیشتەجێن، ١١ هاوڵاتی ئەمریکی، کە ٥یان منداڵن، گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان. هەروەها ڕاگەیەندرا لەگەڵ ئەواندا ٦ هاوڵاتی کەنەدی، ٤ هاوڵاتی هۆڵەندی و هاوڵاتییەکی فینلەندی، کە بە گشتی ٢٢ هاوڵاتین، گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان.

 

ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ١١ منداڵی کامپی هۆل گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتەکەی، هەروەها هاوکاری گەڕانەوەی هاوڵاتییەکانی دیکەشیان بۆ وڵاتەکەی خۆیان کردووە، وتیشی: منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵ کە خۆی ئەمریکی نییە بەڵام بڕیاریداوە ئەمریکی بێت، ڕەوانەی ئەمریکا کراوە و تا ئێستاش نزیکەی ٢٥ هاوڵاتی ئەمریکی لە کامپەکانی سووریادا ماون.

 

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە دامەزراوەکانی ئەمریکا و کوەیت و شەڕڤانانی کورد تێیدا بەشدارن، ئەمریکا ١١ هاوڵاتی خۆی ڕەوانەی وڵاتەکەی کردووەتەوە، کە ٥یان منداڵن و منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵ کە خۆی ئەمریکی نییە، گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەمریکا.

 

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند کە ٦ منداڵی هاوڵاتیی کەنەدییان وەرگرتووەتەوەم هەروەها پاڵپشتی و چاودێرییان بۆ دابین دەکرێت بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ لە کەنەدا.

 

شایانی باسە هێشتا زیاتر لە ٣٠ هەزار منداڵ لە ٦٠ وڵاتی جیاوازەوە لە کامپی هۆل و ڕۆژ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا ماون، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش لە ڕاپۆرتێکیدا، کە لە ١٧ی نیساندا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، ٢٩ هەزار منداڵ لە کامپی هۆل و ڕۆژدا دەژین.