جالاکی "بە هیواوە بەرەو ئازادی ڕێپیوان دەکەین" لە ئامەد دەستپێدەکات
خالیدە تورکئۆغڵو تیشکی خستە سەر گرنگی ڕێپێوانی ژنان کە سەرەتای مانگی داهاتوو لە ئامەدی باکووری کوردستانەوە بۆ ئەنقەرە دەستپێدەکات، ئامانجی ڕێپێوانەکە گەیاندنی داواکارییەکانی ژنانە بە پەرلەمان و بیرخستنەوەی بەرپرسیارێتیەکانی سەبارەت بە پرسی ژنانە.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد- تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" بە دروشمی "بە هیواوە بەرەو ئازادی ڕێپیوان دەکەین" لە ١ی تشرینی یەکەم لە ئامەدەوە بۆ ئەنقەرە دەست بە ڕێپێوانەکەی دەکات، کە بڕیارە ڕێپێوانەکە تا ٧ی تشرینی یەکەم بەردەوام بێت و بە شارەکانی ڕەحا، ئامەد، دیلۆک، ئەدەنە و مێرسین تێدەپەڕێت، پێش ئەوەی بگاتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
داواکارییە سەرەکییەکانی ڕێپێوانەکە بریتین لە دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، دەستەبەرکردنی مافی زمانەوانی و کولتوورییەکانی گەلی کورد لە ڕووی دەستوورییەوە، داننان بە ئیرادەی نوێنەرانی هەڵبژێردراو و بە فەرمی پەسەندکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی کە نوێنەرایەتی ژنان بەرز بکاتەوە.
تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" کە هاوکات لەگەڵ پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە" و پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان "دەم پارتی" ڕێپێوانەکەیان ڕێکخست، لە چەند شارێکدا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەردەوامە لە کارەکانی، خالیدە تورکئۆغڵو، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی، جەختی لە گرنگی ڕێپێوانەکە و کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی وخوشک و برایەتی و دیموکراتیک کردەوە کە لە پەرلەمان دامەزرا.
"داننان بە مافی هیوا یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکان بۆ ئاشتی"
خالیدە تورکئۆغڵو ڕوونیشیکردەوە، بانگەوازەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا پرۆسەیەکی دەستپێکرد کە لە ڕێگەیەوە چەند هەنگاوێک نرا، لەوانە پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی پەرلەمانی، وتیشی: بێگومان لێکتێگەیشتنێک پێش ناخەین کە گریمانە بکات چارەسەری دیموکراتی بۆ پرسی کورد تەنها لە ڕێگەی ئەم لیژنەیەوە بەدی دێت، بەڵام بابەتگەلێک هەن کە دەبێت بەپەلە ئەنجام بدرێن، لەوانە هەڵگرتنی تەواوەتی گۆشەگیری کاک ئۆجالان، پێویستە دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەی و دابینکردنی هەلومەرجی کارکردنی ئازاد و یەکسان بۆی مسۆگەر بکرێت، کە ئەمەش بەو واتایەیە کە 'مافی هیوا' یەکێکە لەو پرسە دیارانەی کە کۆمسیۆنەکە دەتوانێت بیخاتە بەرنامەی کارەکەیەوە و هەنگاوی بناغەی لەسەر بنێت.
دووپاتی کردەوە، کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان "ئەکتەری سەرەکی" ئەم پرۆسەیە، هەروەها ئەو ئەزمونی چەندین ساڵەی هەیە لە چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد، وتی: کۆمسیۆنە پەرلەمانییەکە بە زووترین کات گەشت بۆ ئیمرالی بکات، بۆ ئەوەی ڕاستەقینەی ئەم پرۆسەیە دەربخات، هەروەها ئەو دیدارەی کە لەگەڵ کاک ئۆجالان لە ئیمرالی بەڕێوەدەچێت.
کۆمسیۆنەکە کە لە پەرلەمان پێکهێنرا، لە ٥ی ئاب یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوەیەدا سیستمی کاری ١٢ خاڵی و بنەما بنەڕەتییەکان بە کۆی دەنگ پەسەندکرا، لیژنەکە دوای دوو ڕۆژ لە یەکەمین کۆبوونەوە، کۆبوونەوەی دووەمی خۆی ئەنجامدا، کە دوانزەهەمین کۆبوونەوە لە ٢٤ی ئەیلوول بەڕێوەچوو، لیژنەکە گوێی لە ناوەندەکانی بیرکردنەوە و سەرکردەکانی بۆچوون بوو، هەروەها بڕیارە لیژنەکە لە سێزدەهەمین کۆبوونەوەی خۆیدا گوێ لە ڕێکخراوە یاساییەکان بگرێت.
خالیدە تورکئۆغڵو ڕەخنەی لە بەردەوامی گوێگرتن لە دامەزراوە و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان تا ١ی تشرینی یەکەمی گرت، وتی: زۆرێک لە چینەکانی کۆمەڵگە لەوێ باس لە چارەسەری دیموکراتیانە بۆ پرسی کورد دەکەن، بەشێک لەو باسانە لەسەر بنەمای ئەزمونەکانن کە ڕابردوو و ئێستا دەگرێتەوە و لە ڕوانگەیەکی فراوانترەوە سەیری پرسی کورد دەکەن، بەڵام هەندێک گفتوگۆ تەنها وەک بابەتێکی ئاسایشی باس لەو پرسە دەکەن و بیرۆکەی تێدایە کە پێیان وایە چارەسەرەکە لە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدایە، بە شێوەیەکی سروشتی ئەم باسانە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕێبازە دەبێت کە لیژنەکە دەیگرێتەبەر، بۆیە خستنەڕووی پێشنیاری یاسایی یان پێشنیارکردنی بۆچوونێک بۆ چارەسەر لە دوای ١ی تشرینی یەکەمەوە گرنگە، هەروەها ئەم شێوازە گوێگرتنە بووەتە هۆکارێک کە پرۆسەکە درێژ دەکاتەوە.
ڕوونیکردەوە، کە چارەسەرێکی ڕاستەقینە پێویستی بە هەنگاوی کۆنکرێتی هەیە، وتیشی: بێگومان گوێگرتن گرنگە، بەڵام ئەگەر پێیان وایە دەتوانن بەرەو پێشەوە بچن بەبێ گوێگرتن لە لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەیە، ئەم لیژنەیە ناتوانێت چارەسەرێکی دیموکراتیانە بۆ پرسی کورد بەدەستبهێنێز، بەڵکو شکستی پێشوو بەرهەمدەهێنێتەوە.
" ژنان ئەرکی پەرلەمان بەبیر دێننەوە"
خالیدە تورکئۆغڵو جەختی لە گرنگی ڕێپێوانی ژنان کردەوە، کە لە ١ی تشرینی یەکەم لە ئامەدەوە بۆ ئەنقەرە دەستپێدەکات و لەم چوارچێوەیەدا بە گرنگییەکی گەورە زانی، وتی: ڕێپێوانێکی بەنرخە بەو پێیەی دەنگی ئیرادەیەک دەردەبڕێت کە مافی هیوا بە پرسێکی ناوەندی دەزانێت و ئازادی کاک ئۆجالان وەک ڕەنگدانەوەی ئازادی کەسیی خۆی دەبینێت، کاتێک باس لە دیموکراتیکردن دەکەین، داوای کۆتاییهێنان بە سیاسەتی مامۆستای و گەڕانەوەی بەرپرسانی هەڵبژێردراو بۆ پۆستەکانیان و دانپێدانانی مافی زمانی دایکی دەکەین، ئێمەی ژنان دەمانەوێت لەم چوارچێوەیەدا ڕۆڵی خۆمان بگێڕین.
ئاماژەی بەو ژنانە کرد کە لە پەرلەمان داواکارییەکانیان دەردەبڕن، لە ۆژی ٧ی تشرینی یەکەم ، کە دوای کۆتای هاتنی ڕێپێوانی حەوت ڕۆژەیە، هەروەها بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم ڕێپێوانە ئامانجی ئەوەیە پەرلەمان بەرپرسیارێتیەکانی خۆی بیربخاتەوە.
"ئێمەی ژنان چارەسەرێکی زۆر دڵسۆزانەمان هەیە بۆ ئاشتی"
خالیدە تورکئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: پێویستە گفتوگۆی ڕەهەندی یاسایی پرۆسەکە بکەین، هەروەها دەبێت گفتوگۆی مافی هیوا بکرێت، پێویستە کۆمسیۆن پەیوەندی لەگەڵ ئیمرالیشدا هەبێت، کە ئەم بابەتانە گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ پڕۆسەیەکی دیموکراتیتر، ئێمەی ژنان بە دڵسۆزییەکی زۆرەوە سەیری ئاشتی دەکەین و بە باوەڕێکی ڕاستەقینەوە ئەم ڕێبازە پەیڕەو دەکەین، ئێمە ئەم بابەتە لە دەرەوەی عەقڵیەتی ڕەسمی دەوڵەت دەڕوانین و لە دەرەوەی ئەو چارەسەرانە دەڕوانین کە ئیمپریالیست پێشکەشیان دەکات، لەگەڵ دەسەڵاتەکان بەپێی ڕێنماییەکانی خۆیان.
وتی: وەک ژنانی کورد کە خەباتی ئاشتی لە تورکیا بەڕێوەدەبەن، بەرپرسیارێتییەکانیان بەبیر هەموو لایەک دەخەینەوە، ڕوون دەکەینەوە کە لە کوێوە دەست پێبکەن، و چۆن بەرەوپێشی ببەین، ئەم کۆمسیۆنە گشتگیر نەبوو بۆ ژنان، هەروەها کۆمسیۆنێک نەبووە کە گوێی لە تەڤگەرەکانی ژنان یان ڕێکخراوەکانی ژنان بگرن، لە ڕێگەی ئەو ڕێپێوان و بۆنانەشەوە، داواکارییەکانی ژنان دەخەینەڕوو، لەگەڵ چۆنیەتی چارەسەرکردنی دیموکراتی و ئاشتی ژنان، کە پرسێکی بۆچوونی گشتییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پرۆسەکانی ئاشتی بەرپرسیارێتی گەورە دەخاتە ئەستۆی هەموو لایەنەکان، وتی: ئەمە شتێک نییە کە بە تەنها ژنان ئەنجامی بدەن، یان پەیوەندی بە چارەسەری تایبەتەکانی ژنانەوە هەبێت بۆ ئەو داهاتووەی کە باوەڕیان پێی هەیە.
خالیدە تورکئۆغڵو، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕوانگەیەکی دیموکراتیانە بۆ پرسی کورد نزیکبوونەوەیە لە پرسی ژنان، سروشت، گەنجان، گەلان و بیروباوەڕەکان، پێویستە خەبات بۆ وڵاتێکی دیموکراتی بکەین، بۆ ئەوەی بەشداری ئەم خەباتە بکەین، پێویستە هەمووان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، هەروەها گرنگە کە ئەم پرسە لە قۆرخکاری لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵاتی دەسەڵاتدار دوور بخرێتەوە.