ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە بۆ دوو ڕۆژی دیکە درێژکرایەوە

دوای چوار ڕۆژ لە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، جگە لە چوونە ناوەوەی کەلوپەلی فریاگوزاری، لەوانە سووتەمەنی، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ دوو ڕۆژی دیکە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیسرائیل لە سەرەتای هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمەوە گەمارۆی سەپاندووە بەسەر کەرتی غەززەدا کە تیایدا ئاو و خۆراک و کارەبا و دەرمان و سووتەمەنی بڕی، هەروەها هێرشەکان بوونە هۆی کوژران و برینداربوون و ئاوارەبوونی هەزاران کەس، زیاتر لە نیوەی گەڕەک و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی وێرانکردو لە کۆی ٢.٤ ملیۆن کەس نزیکەی ١.٧ ملیۆن کەسی ناچارکرد ماڵەکانیان لە باکوور بەجێبهێڵن بۆ باشوور.

 

چەند کاتژمێرێک بەر لە کۆتایی هاتنی ئاگربەستە مرۆییە چوار ڕۆژییەکە، حەماس و ئیسرائیل ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ دوو ڕۆژی دیکە، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل ١٥٠ بەندکراوی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئازادکردووە، لە کاتێکدا حەماس ٥٠ زیندانی ئیسرائیلی ئازادکردووە، هەروەها ڕێککەوتنەکە چوونە ناوەوەی هاوکاری مرۆیی و سوتەمەنی بۆ ناو کەرتی غەززە دەگرێتەوە.

 

لایەنەکانی شەڕ ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ دوو ڕۆژی دیکە کە ڕێگە بە ئازادکردنی ٢٠ زیندانی ئیسرائیلی دەدات لە بەرامبەر ئازادکردنی فەڵەستینی، واتە هەموو ڕۆژێک ١٠ ژن و منداڵ لە غەززەوە ئازاد دەکرێن لە بەرامبەر ٣٠ زیندانی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا.

 

دوێنێ ٢٧ی تشرینی دووەم، وەک بەشێک لە ڕێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی کۆمەڵەی چوارەم، ئیسرائیل ٣٣ زیندانی فەڵەستینی ئازادکرد، لەناویاندا سێ ژن و ٣٠ منداڵ هەبوون، سێ زیندانییە ئازادکراوەکە بریتین لە "نفوز جەد عەریف حەماد" خەڵکی ئۆرشەلیمی داگیرکراو، "یاسەمین تەیسەر عەبدولڕەحمان شەعبان" خەڵکی جنین و "عەتاف یوسف محەمەد جەرادات" لە جنین، لە کاتێکدا حەماس ١١ زیندانی ئیسرائیلی ئازادکرد کە دوو ژن و ٩ منداڵیان تێدابوو.