سیمینارێکی هۆشیاری بۆ پەرستارانی هۆڵی منداڵبوون پێشکەشکرا

لە درێژەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم، سیمینارێکی هۆشیاری پێشکەش بە پەرستارانی هۆڵی منداڵبوون کرا.

هەڵەبجە

 

دوێنێ لە شاری هەڵەبجە، تۆڕی پاراستنی خێزان، کە لە ڕێکخراوەکانی ژنان پێک هاتبوون، سیمینارێکی هۆشیارییان پێشکەش بە پەرستارانی هۆڵی منداڵبوون کرد، کە ئامانج لێی هۆشیارکردنەوەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەو کەسانەیە لە نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن.

 

پەخشان محەمەد، ئەندامی تۆڕی پاراستنی خێزان ئاماژەی بەوەدا، گروپەکەیان لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە دروستبووە و چەندین چالاکییان ئەنجامداوە، ئەمساڵیش لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا، هەڵمەتی هۆشیاری لە نەخۆشخانەی منداڵان لە هەڵەبجە ئامادەکرا بۆ ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ژنانی دووگیاندا هەیە، چونکە لە هەندێک نەخۆشخانە توندوتیژی هەیە و ئامانجیشمان نەهێشتنی ئەو حاڵەتانەیە.

 

نەرمین ئەحمەد، وەک ئەندامی تۆڕی پاراستنی خێزان وتی: توندوتیژی لە زیادبووندایە لە جیهاندا،  بەڵام ئەمرۆ سیمینارەکەمان تایبەت کردووە بەو کەسانەی لە نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن و هەڵمەتی هۆشیاریمان بە پێویست زانی، چونکە ئەو ژنانەی دێنە نەخۆشخانەکان بەر توندوتیژی دەکەون و مەبەستمانە کۆتاییان پێبهێنین، هەروەها کێشە خێزانییەکان زیادی کردووە و دەمانەوێت لە ڕێگەی چالاکی جیاوازەوە هۆشیاری بگەیەنینە زۆرترین تاکی کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بە توندوتیژی بهێنین و ڕایبگرین.
 

هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەمەوە دەستی پێکردووە، ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان بە شێوازی جیاواز لەو ١٦ ڕۆژەدا هەوڵی هۆشیارکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەدەن.