"هیوایەک بۆ ئەفغانستان، دوور لە چەواشەکاری توندڕەوی"
یەڵدا ئەحمەد، چالاکوان دووپاتیکردەوە گەلی ئەفغانستان سەرەڕای چەوساندنەوە، توانای بەرخۆدانی هەیە، چونکە درک بەوەدەکەن کە جگە لە خۆیان هیچ فریادڕەسێکیان نییە، گۆڕانی ڕاستەقینە تەنها کاتێک دێت کە خەڵک گەندەڵی ڕەتبکەنەوەو داهاتوویەکی باشتر بونیاد بنێن.

بەهاران لەهیب
ئەفغانستان- لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ژنان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت و ئازاربەخش بوونەتەوە، چ ئەوانەی لەو وڵاتە ماونەتەوە و چ ئەوانەی ناچاربوون بەجێبهێڵن، ئازارەکانیان تەنها لە هەژاری و بێکاری و ڕەتکردنەوەی مافە سەرەتاییەکان سنووردار نەبووە، لەم دواییانەشدا، پەرەی سەندووە بۆ پچڕانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان، کە بووەتە هۆی لەدەستدانی پەیوەندی لەگەڵ کەسە نزیکەکان و پەکخستنی خوێندن و وەستانی کارە دیجیتاڵییەکان.
ئەم پچڕانە هێشتا بە جێگەی نیگەرانی ماوەتەوە، ڕۆژانە هەواڵی ئەگەری دووبارەبوونەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاودەبێتەوە، ئەمەش خەڵک دەخاتە حاڵەتی فشار و ترسی بەردەوام، ئەمەش جگە لە کاریگەرییە دەروونییەکانی، هەروەها ئەم دۆخە زیانێکی دارایی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی بۆ بازرگانی و پڕۆژەکانی پەیوەست بە ئینتەرنێت، کە نوێنەرایەتی گورزێکی وێرانکەر دەکات بۆ کۆمەڵگەی ئەفغانستان، کە کاریگەرییەکانی دەتوانێت بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بێت.
"تاڵیبان بە شێوەیەکی سیستماتیکی ژیانی ڕۆژانە سنووردار دەکات"
یەڵدا ئەحمەد، چالاکوانی مافی ژنان و دەروونناسی ئەفغانی، ئەزموونی کەسی و تێڕوانینەکانی خۆی سەبارەت بە کاریگەریی پچڕانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان لەسەر ژیانی ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد، کەدەسەڵاتی ئەفغانستان گەلی ئەفغانستانی نوقم کردووە، بەتایبەتی ژنان، لە قۆناغێکی تاریکی ژیاندان، تا ئەو ئاستەی تەنانەت هەناسەدان هەندێکجار بووەتە ئاڵەنگاری ڕۆژانە، تاڵیبان بە شێوەیەکی سیستماتیکی ژیانی ڕۆژانە سنووردار دەکات، قوتابخانە و زانکۆ و فەرمانگەکان بەڕووی ژناندا دادەخات، بڕیار دەردەکات کە دوژمنایەتی مافەکانیان دەکات و تەنانەت ئینتەرنێتیش بە تەواوی لە وڵاتەکەدا دەبڕێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پچڕانی ئینتەرنێت کە ٧٤ کاتژمێری خایاند، کاردانەوەی ڕاستەقینەی هەبوو، بەو پێیەی زۆرێک لە ئەفغانییەکان پشتیان بە کاری ئەلیکترۆنی و فێربوونی ئەلیکترۆنی بەستووە، ئەمەش چالاکییەکانیانی بە تەواوی وەستاند، هەروەها ئەم پچڕانە دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێی دەروونی دروستکرد، چونکە خەڵک ترسیان لە سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ و نوێبوونەوەی ئاوارەبوون و لەدەستدانی ئازیزانیان هەبوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپشت ئەم پچڕانەوە ڕێکخستنە سیاسی و سەربازی و هەواڵگرییەکان هەن، کە ترس و دڵەڕاوکێیان زیادکردووە، ژیانی خەڵکیان کردووەتە بەردەم چاودێری و کۆنترۆڵکردن، لە هەمان کاتدا تەنانەت سەرەتاییترین ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و دەرفەتە بەردەستەکان بێبەشیان کردووە.
یەڵدا ئەحمەد باوەڕی قووڵی خۆی بە خۆڕاگری گەلی ئەفغانستان دەربڕی، وتی: هیوایەکی زۆرم بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەم هەیە، ئەوان توانای دۆزینەوەی ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان هەیە، هەرچەندە سادە بێت، چونکە باش ئاگادارن کە تاکە ڕزگارکەریان خۆیانن.
ڕەخنەی لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی پاکستان گرت کە کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژن و پیاوی کۆکردەوە، کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بەشێک بوون لە سیستەمی گەندەڵی و خیانەت لە ئەفغانستان، کۆبوونەوەکەی بە هەوڵێکی شکستخواردوو پێناسە کرد بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری گوماناوی بۆ دۆخی ئێستا، بەتایبەتی سەبارەت بە مافەکانی ژنان.
"گەلی ئەفغانستان هۆشیار بوونەتەوە"
ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی ئەفغانستان زیاتر هۆشیار بووەتەوە و چیتر ئامادە نییە بکەوێتە داوی ئەو کەسانەی کە پێشتر بێهیوایان کردووە، ئەو کەسانە تەنها بەدوای بەرژەوەندی کەسی خۆیاندا دەگەڕێن، وتیشی: گۆڕانکاری ڕاستەقینە تەنها کاتێک دێتە ئاراوە کە گەل درک بە هێزی خۆی بکات و دەست بکات بە وبنیادنانی داهاتویەکی باشتر بە تواناکانی خۆی، تەنانەت لە ڕێگەی هەنگاوی بچووکەوە، هیوادارین ئەفغانستان لە پیسی توندڕەوی ڕزگار ببێت و بەرەو ئازادی و شکۆمەندی هەڵبستێت.