هەتەشە لە حەلەب بازگەی گەڕۆکی داناوە پێشێلکاری دژی ژنان دەکات
دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست، جیهادییەکانی هەتەشە کە سەر بە حکومەتی کاتی سووریان، جارێکی دیکە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کردو خاڵی پشکنینی گەڕۆکیان لە ناوەندی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دانا.

شیرین محەمەد
حەلەب- لە ٦ی تشرینی یەکەم، گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەبی سووریا، بوونە مەیدانی شەڕێکی کراوە، ئەمەش دوای هەڵگیرسانی سەربازی بەرفراوان کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە دەستیپێکرد، کە نوێنەرایەتی حکومەتی کاتی سووریا دەکات، هێرشەکانی ئەم دواییە پێشێلکارییەکی ڕوونی ئەو ڕێککەوتنە پێکدەهێنن کە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، لە نێوان ئەنجومەنی گەڕەکەکان و حکومەتی کاتی واژۆکرابوو، لەگەڵ بڕگەی پاراستنی دانیشتوان و بەرەوپێشبردنی پێکەوەژیان و ڕێکخستنی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسانکاری جووڵە و گەشتکردنی لەخۆگرتبوو.
ژنانی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بەدەست پێشێلکاری و پشکنینی جانتا و مۆبایلەکانیانەوە دەناڵێنن، جیهادییەکانی هەتەشە، سەر بە حکومەتی کاتی لە دیمەشق، دوای بازگە هاوبەشەکان لە جەرگەی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب، خاڵی پشکنینی گەڕۆک دادەنێن.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گەمارۆ خنکێنەرەی کە لە ئێستادا بەسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبدا دەسەپێندرێت و هاتووچۆی دانیشتوان بۆ ناوەوە و دەرەوەی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود سنووردار دەکات، ئاژانسەکەمان بۆچوونی ژنانی هەردوو گەڕەکەکەی وەرگرت کە دوای بازگە هاوبەشەکان بازگەی گەڕۆک هەن.
"پڕۆژەکەمان بۆ بەرگریکردنە لە خۆمان نەک هێرشکردن"
دیلان عەلی، ژنێکی خەڵکی گەڕەکی شێخ مەقسود، ئەو هێرشانەی شەرمەزار کرد کە جیهادیەکانی هەتەشە بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە ئەنجامیاندا و بە تایبەتی تیشکی خستە سەر پێشێلکارییەکانی دژی ژنان، دوای ئەو بازگە هاوبەشانە خاڵی پشکنینی جیهادی دانراون و ئەندامان بە شێوەیەکی نایاسایی و ورد لە مۆبایلی ژنان گەڕان، تۆڕی وای فای خۆیان پەخش دەکەن بۆ ئەوەی بزانن پەیوەندی لەگەڵ کێ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وەک دانیشتوانی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، جا کورد بین، کریستیانی بین، یان سریانی، هەرگیز جیاکاریمان لە یەکتردا نەکردووە و هەرگیز ناکەین، هەروەها پڕۆژەکەمان بۆ بەرگریکردنە لە خۆمان نەک هێرشکردنە سەر کەسانی دیکە، دوای ١٤ ساڵ لە شەڕ و وێرانکاری و گەمارۆدان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەعسدا، ئەمڕۆ نادادپەروەری بە شێوەیەکی ترسناکتر و سیستماتیکتر دووبارە دەبێتەوە.
جەختکردنەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی مانگی نیسان
فەهیمە حەمو، ڕێکخەری کۆنگرەی ستار لە شاری حەلەب، ئاماژەی بەو سیاسەتانە کرد کە لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوددا پراکتیزە دەکرێن، کە بە سیاسەتی هاوتەریب لەگەڵ تورکیای داگیرکەر پێناسەی کرد و ئامانجی شکاندنی ئیرادەی گەلێکی خۆڕاگر و ئیرادەیە، وتی: خەڵکی ئەو دوو گەڕەکە مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە خەبات و ڕووبەڕووبوونەوەی نادادپەروەری، جا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بێت یان حکومەتی ئێستا.
پشتگیری لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیەکان کرد کە لە ٦ی تشرینی یەکەمدا دژی گەمارۆدان و داخستنی ڕێگاکان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود سەریان هەڵدا، وتیشی: ئەم شۆڕاشیە هەنگاوێکی مێژووی بوو بۆ پێشەوەی ئەم گەلە خۆڕاگرە، لە سایەی ئیرادەی گەلدا توانیمان بەشێک لەو ڕێگایانە بکەینەوە کە لەلایەن حکومەتی کاتیەوە داخرابوون، لەگەڵ ئەوەشدا، جیهادییەکانی هەتەشە گەنجان بە پشتبەستن بە ناسنامە و نەتەوەی خۆیان دەستگیر دەکەن و لە مۆبایلەکانیاندا دەگەڕێن، ئەگەر هەر وێنەیەک یان هێمایەکیان دۆزییەوە کە ئاماژە بەوە بکات کوردن، ئەوا ئەم باندانە دەستبەجێ دەستگیریان دەکەن.
فەهیمە حەمو داوای لە پارێزگاری حەلەب کرد پابەندی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بێت، جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێت ڕێککەوتنی یەکی نیسان جێبەجێ بکرێت، جگە لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە هیچ چارەسەرێکی دیموکراتیک و بەردەوام نییە.
تولین عوسمان، ژنێکی خەڵکی ئەو دوو گەڕەکە، شەرمەزاری داخستنی ڕێگاوبان و گەمارۆدانی بەسەر دانیشتوانەکەیاندا دەکات، وتی: ئەمڕۆ ڕێگاکان گیراون، گەنجان دەڕفێنرێن و پشکنینیان بۆ دەکرێت، کە هەموو ئەمانەش پێچەوانەی ڕێکەوتنەکانی ١٠ی ئادار و ١ی نیسانە، هەر بۆیە داوای دابینکردنی کارەبا و ئاو و گازۆیل دەکات.