هێرشەکانی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامەو شەهید هەیە
ئێوارەی دوێنی لە یەک کاتدا، ڕژێمی ئێران هێرشی کردە سەر کامپی سورداش لە سنووری سلێمانی، کامپی ئازادی لە کۆیەو سنووری خەلیفان لە سنووری پارێزگای هەولێر، پیشمەرگەیەک شەهید بوو.
ناوەندی هەواڵ
لەماوەی جەنگی نێوان ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا هێرش بۆسەر باشووری کوردستان لەلاین ڕژێمی ئێران و گروپەکانی پەیوەندیدار پێیەوە بەردەوامی هەبوو کە چەندین زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، لە ئیستاشدا سەرەڕای ئاگربەستی شەڕ، هێرشەکان بۆ باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە.
ئێوارەی ١٤ی نیسان، لە یەک کاتدا، ڕژێمی ئێران هێرشی کردە سەر کامپی سورداش لە سنووری سلێمانی، کامپی ئازادی لە کۆیە و سنووری خەلیفان لە سنووری پارێزگای هەولێر.
بە هۆی هێرشەکەی سەر کامپی سورداشەوە، سێ کەس برینداربوون، کەمێک پێش ئێستا یەکێک لە بریندارەکان شەهیدبوو.
ئەو شەهیدە ناوی غەزال مەولانە و تەمەنی ٢٠ ساڵە، ماوەی ساڵێکە بووەتە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان.
لە بارەی هێرشەکە و شەهیدبوونی ئەندامەکەیانەوە، سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشە تیرۆریستییە بەڵگەیەکی ترە لەسەر پیشەی دژەمرۆڤایەتی و دژەئازادیی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ڕژێمێک کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، هیچ سنوورێک بۆ کوشتن و سەرکوتکردنی خەڵکی تێکۆشەر ناناسێت.