کەژەکە بۆ کۆچی دوایی زەینەب جانسز پەیامی سەرەخۆشی نارد
کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" بەهۆی کۆچی دوایی زەینەب جانسزی دایکی پێشەنگی تەڤگەری ئازادیی ژنان و کادری پێشەنگی پەکەکە شەهید ساکینە جانسزەوە، پەیامێکی سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی جانسز و گەلی کورد کرد.
ناوەندی هەواڵ
دوای نەخۆشکەوتنی لە نەخۆشخانەی ئیزمیر، دوێنێ زەینەب جانسز، دایکی ژنە تێکۆشەر و لە کادرانی پێشەنگی دامەزرێنەری پەکەکە، ساکینە جانسز، کۆچی دوای کرد، کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئاواکردنی کۆمەڵگەی دایکانمان کە لە ناوبردراوە، ئاکاری کۆمەڵگە، پێوەرەکانی جوانیی، پەیوەندی دیموکراتی و ئازادی و کۆمەڵگەی مێژوویی، تاکە وەڵامێکە دەتوانین بیدەینە دایکانمان.
لە سەرەتای پەیامەکەدا هاتووە: بە خەمگینییەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی زەینەب جانسز، دایکی پێشەنگی تەڤگەری ئازادی ژنانمان، بەرخۆدەری مەزنی زیندان و کادری پێشەنگی پەکەکە، هاوڕێمان ساکینە جانسزمان بیست. سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی جانسز، گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانیان دەکەین. دایکانمان کە گەواهیدەر، هاوڕێ و پشتیوانی بەهێزیی تێکۆشانی مەزنی لێگەڕینی ژیانی ئازاد و ناسنامەی ئازادی ژنان و ژنانی کوردن، ڕەنجی مەزنیان دەگەیەنین بە سەرکەوتن. شەڕی گەورە لە پێناو ئاسوودەی گەورەدا دەکرێت، کە پێویستی بە ئازارچەشتنی مەزنە. هاوڕێ ساکینە جانسز شەڕێکی مەزنی لە پێناو ئاسوودەییەکی گەورەدا کرد، گەواهیدەر و هاوڕێیانی، هەمیشە وەک ڕەنجدەری پیرۆزی تێکۆشانی ژنانمان یاد دەکرێنەوە.
"دایکان ڕاستی شۆڕشی ژنانیان ئافراند"
لە بەردوامی پەیامەکەیدا هاتووە: سەرنجڕاکێشترین ململانێ، شەڕ و پێوانی پێشکەوتنی شۆڕشەکەمان لەسەر بناغەی قوربانیدانی دایکان و ئازادیی ژنان پەرەی سەند، کە ئەمەش ڕێکەوت نییە. لەڕێی دایکانمانەوە، بەشێوەیەکی مێژوویی هۆشیار بووینەوە و ڕاستیی شۆڕشی ژن ئافرێندرا. بەوپێیەی کوردستان لانکەی دامەزراندن و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی دایکە، سیستەمە داگیرکار و کۆڵۆنیاڵیستەکان تەنها بە ئازادیی ژن و ئافراندنی ژیانێکی شکۆدار، ڕیشەکێش دەکرێت. مێژووی ژنانی کورد کە لە زنارەکانەوە خۆیان هەڵدایەخوارەوە، لە قەڵاکاندا بەرەنگاربوونەوە، کوژران بەڵام هیچ کاتێک ملکەچ نەبوون، فەرمانی ئەم ڕاستییە پیرۆزەمان پێ دەبەخشێت.
"کۆمەڵگەی ئازادی دایکانمان دەپارێزین"
پەیامەکەی کەژەکە بەمشێوەیە کۆتایی هاتووە: ژیانی ئازاد یەکێکە لە ڕاستییە بنەڕەتییە ڕەواکان؛ مەرجی بونیادنانی وڵاتێکی ئازاد و گەلێکی ئازادە بۆ ئازادی. بونیادنانی کۆمەڵگەی دایکانمان کە لە ناوبردراوە، ئاکاری کۆمەڵگە، پێوەرەکانی جوانیی، پەیوەندی دیموکراتی و ئازادی و کۆمەڵگەی مێژوویی، تاکە وەڵامێکە دەتوانین بیدەینە دایکانمان. دڵە سووتاوەکانیان، بووە سەرێک کە هەرگیز دانەنووشتایەوە. دڵی پڕ لە ئازار و سەری نەچەماوە ڕاسپاردەیە بۆمان، وەک ڕاسپاردەیەک کۆمەڵگەی ئازادی دایکانمان لە نێو تێکۆشانماندا دەپارێزین و زیندووی ڕادەگرین.