٢٤ گوندی کوردنشینی خانەقین چۆڵدەکرێن
بەپێی ئامارێک ٢٤ گوندی کوردنشین تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە خانەقین چۆڵکراون و گوندەکانی دیکەش مەترسی هێرشی داعش و چۆڵکردنیان لەسەرە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئامارێكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم–سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان-، تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ٢٤ گوندی كوردنشین لە سنوری شارۆچکەی خانەقین لە پارێزگای دیالە چۆڵكراون، چەند گوندێکی دیکە دانیشتوانەکەی گوندەکەیان بەجێهێشتووە، لە چوار ساڵی ڕابردوودا نزیکەی پێنج هەزار خێزانی کورد لە سنورەکەدا زێدی خۆیان بەجێهێشتووە و بەرەو خانەقین و هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە.
بەپێی وتەی گوندنشینانی ناوچەکە هۆكاری سەرەكی چۆڵكردنی گوندەكانیان دۆخی ئەمنیی و نەبوونی سەلامەتی بووە لەسەر ژیانیان، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەردەوام داعش هێرش دەکاتە سەر گوندەکان و هاوڵاتیان تیرۆر دەکات.
جێی ئاماژەیە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ هێزە عێراقییەکان گەڕانەوە ناوچە جێناکۆکەکانیان و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا نەمان، دوای ئەوەش هێرشەکانی داعش بۆ ناوچەکە زیادیکرد و گوندنشینان ناچار بە کۆچکردن بوون.
سەرۆکی هۆزی هەمەوەند لە گوندی مەردان لە سنوری خانەقین لە لێدوانێکیدا بۆ (کەرکوک ناو) ئاماژەی بەوەداوە کە خەڵکی گوندەکە لەبەر هێرشەکانی داعش کۆچیان کردووە چونکە لە ژیانی خۆیان دەترسن و پارێزراو نین، وتوشیەتی کە لە گوندەکەیاندا نزیکەی ١٥ ماڵ بە تەواوی ڕووخێنراون و نزیکەی ٨ باخ دارەکانیان بڕاونەتەوە، کە بەپێی زانیارییەکانیان "داعش ئەو خانوو و باخانە بۆ پشودان بەكاردەهێنێت و لەوێوە هێرشدەكاتە سەر هێزە ئەمنییەكان".
سەرچاوە: سایتی کەرکوک ناو