"لە باشووری کوردستان هیچ تاکێکی کورد پارێزراو نییە"

ژنان هەڵوێستی خۆیان دژی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندام و دامەزرێنەری ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد دەخەنەڕوو، دەڵێن: بە کوشتنی ژنان زیاتر و زیاتر ئاڵای ژن ژیان ئازادی دەشەکێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٤ی تشرینی یەکەم، ناگیهان ئاکارسەل، ئەندام و دامەزرێنەری ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لە نزیك لە ماڵەكەی خۆی و پەرتوکخانەی ژنی کورد درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و شەهید کرا.

 

ناگیهان ئاكارسەل، چالاكوانی بواری ژنان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی بوو، هاوکات ئەندامی ناوەندی ئەكادیمی ژنۆلۆژی بوو لە شاری سلێمانی، خەڵكی شاری كۆنیای تورکیایە و بە ڕەچەڵەك كوردە.

 

ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دژی کوشتنی ژنان و تیرۆر و لەبارەی شەهید کردنی ناگیهان ئاکارسەل، هەڵوێستی خۆیان دەخەنەڕوو، بەمشێوەیە دەنووسن؛

 

بێریڤان محەمەد، ڕۆژنامەنووس، دەربارەی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەکادیمیست و ئەندامی ژنۆلۆژی، دەڵێت: بەداخەوە سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی لە سلێمانی تیرۆر کرا، ناگیهان ئەکارسەل، ئەندامی لێکۆڵینەوەی ناوەندی ژنۆلۆژی و سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی تیرۆر کرا، ئەمەش بەردەوامی تیرۆری وڵاتپارێزان و تێکۆشەرانە لە باشووری کوردستان، تیرۆرکردنی ئەندامێکی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لێدانە لە شۆڕشی ژنی ئازاد بە تایبەت دروشمی ژن ژیان ئازادی، هەزاران نەفرەت لە خیانەتکاران کە لە لوتکەی دەسەڵاتی باشووردان.

 

شەهلا محەمەد، ڕۆژنامەنووس، دەڵێت:  ئای لەم کارەساتە گەورەیە چۆن دەتوانین بڕوا بەمە بکەین کە لە باشووری کوردستان هیچ تاکێکی کورد پارێزراو نییە، بە موشەک و بە تیرۆر و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەناو بردنمان دەدرێت.

 

شۆخان میرزا، چالاکوان، لەو بارەیەوە دەنووسێت: "چەندە بێ دەنگ بین زیاتر مەترسی لەسەر ژیانمان دروستدەبێت، بە پێچەوانەی ئەوانەتان کە پێتانوایەیە نەوتنی ڕاستی سەرمان سەلامەت دەکات، پێمان دەڵێن چی دەکەن ئەڵێین کوردایەتی، دەڵێن سەدجارمان پێوتن وازبهێنن لە کاری حیزبایەتی؟!

 

ئایا کاتێک ژن دەبێتە پێشەنگ و دژی زوڵم و زۆرداری دوژمن و دژی نادادی دەبێتە پارێزەری کولتوور و زمانی کوردی و ژنان لەسەر بیرو باوەڕی کوردبوون و لەسەر چەلەنگی و ژیری پەروەردە دەکا ئەمە ئەبێتە حیزبایەتی یان کوردایەتی؟!

 

ئایا دەبێت ئیتر هەمووان کڵاوەکەمان بگرین هەتا با نەیبات و سەرمان کز بکەین و هیچ نەڵێین ؟! دوژمنیش بە کەیفی خۆی ئیرادەمان بشکێنێت و بە ئامانجمان بگرێت، هیچکات جێگەی سەرسوڕمان نەبوو بۆم کە هەواڵی تیرۆرکردنی ئەندامێکی ژنۆلۆژیم بیست، چونکە ئەوە ئەو ڕاستییەیە کە هەر کوردێک ئازادیخواز داوای ئازادی و ئاگای و خود ناسی بکات و سەرقاڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکەی بێت بێ گومان ئەبێتە پڕۆژەی شەهادەت، بە کوشتنی ژنان زیاتر و زیاتر ئاڵای ژن ژیان ئازادی دەشەکێتەوە، نەفرەت لەوانە بێت کە دژی ئازادی و ژیان و جوانین".