ژنانی ڕانیە: بەسە کوشتنی ژنان
لە ڕانیە ژنان بۆ ژینا ئەمینی گردبوونەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاپەڕینی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی، دەڵێن: گیانمان فیدا دەکەین تا گەلی کورد سەرکەوێت
ڕاپەڕین
ئێوارەی دوێنێ، ٣ی تشرینی یەکەم لە باخی گشتی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ئەنجومەنی هەرێمی ڕاپەڕینی تەڤگەری ئازادیی بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشکردنە سەر بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و وێنەی ژینا ئەمینی و دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان بەرز کردەوە.
ژنانی بەشداربووی گردبوونەوەکە بۆ نوژنها دووان؛
کوردستان هۆگر، ژنێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە شاری ڕانیە دەژی باسی لەوەکرد ڕژێمی ئیسلامی سێدارە چل ساڵە داگیرکاری دەکات لەسەر گەلانی ئێران و ژن و پیاو و کۆڵبەر دەکاتە ئامانج، بە هەموو شێوازێک گەلی ئێران دەچەوسێنێتەوە و ژن دەچەوسێنێتەوە، بەهۆی قژەوە ژن دەکوژرێت، وتیشی: بەهانەی کوشتنی ژینا قژی بوو، لێدرا و ئەشکەنجەکرا و شەهید بوو، گەلی کورد و ئێران بێدەنگ نابێت و هاتوونەتە سەر شەقامەکان، چونکە ئەو گەلانە دەمێکە دەچەوسێنرێنەوە.
کوردستان هۆگر ئاماژەی بەوەدا گەنجان ئالودەی مادەی هۆشبەر دەکرێن و لەسێدارە دەدرێن، ژن دەکرێتە زیندانەکان و گەلی کورد دەچەوسێنرێتەوە، دەڵێط: ئێمە ئێستا هەموو ژینا ئەمینین، ڕژێمی ئیسلامی ئێران ئیدانە دەکەین، من سێ کوڕم بە دەستی جموری نائیسلامی شەهید بوون، خۆم لێرەم بەڵام ڕۆحەکەم لەگەڵ گەلی ئێرانە، ئامادەم خۆم فیدابکەم لەو شۆڕش و خەباتەدا ژیانی خۆم بەختبکەم بەڵام گەلی کورد سەربکەوێت.
کوردستان وتیشی: ژن ژیانە، ژن ئازادیە، ژن خوشک و دایکە، ئەگەر ژن نەبێت ژیانیش نابێت ئەگەر پیاو نەبێت ژنیش نابێت، داواکاریم هەیە لە سەرجەم گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان پشتیوانی بکەن لە گەلانی ئێران پشتیوانی بکەن لە ژنانی ئێران نەهێڵن چیدی ئەو خەڵکە بندەست بێت.
ئەسمەر علی، هاوڵاتییەکی خەڵکی باشووری کوردستانە و دەڵێت: من وەک ژنێک پشتگیری خۆم بۆ ژینا ئەمینی دەردەبڕم ئێمە هەموو ژیناین، هەموو لە پشت یەکین، ڕژێمی ئێران شەرمەزار و ڕیسوا دەکەین با دەست هەڵگرێت لە کوشتنی ژنان و لە کوشتنی مرۆڤەکان، بەسە خوێن ڕشتن بە خوێن ڕشتن هیچ شتێک سەرناکەوێت، بەسە چیدیکە ئەو مرۆڤانە نەکاتە خەڵتانی خوێن و بیان کاتە قوربانی خۆی، من وەکو ژنێکی باشووری کوردستان پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی ئێران ڕادەگەیەنین.