٥١ شار چالاکی دژی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل دەکەن

ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ڕایانگەیاند، بە مەبەستی ئیدانەکردنی کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل لە ٥١ شار چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجامدەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەکادیمیست و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە شاری سلێمانی، ژنان لە باشووری کوردستان، باکووری کوردستان و ئەوروپا چالاکی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەر بەڕێوەچوو.

 

ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە بە مەبەستی ئیدانەکردنی کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ناوەندی لێکۆلینەوەی ژنۆلۆژی و سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی کە لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە سلێمانی شەهیدکرا، دەڕژێنە نێو شەقامەکان. بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ئەمڕۆ و سبەینێ لە ٥١ شار چالاکی ئەنجام دەدرێت و شەهیدکردنی ئاکارسەل شەرمەزار دەکرێت.

 

ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە لەمبارەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "ئێمە بە پێشەنگایەتی ژنان سیستمی دیموکراتی کە تێیدا ئازادی ژنان سەروەر بێت، بە دڵنیاییەوە پێکدەهێنین. گەورەکردنی تێکۆشان دەبێتە بەڵێنمان بۆ ناگیهان. ئێمە ڕێگەنادەین پێنوسەکەی و خەیاڵەکانی و دەنگی ناگیهان  لەبیربکرێت. پێنوسەکەی ناگیهانمان هەڵگرت و لە هەموو گۆڕەپانێک دەنگمان بەرز دەکەینەوە. بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە هەموو ناوچەیەک بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکەین."