ژنان گوڵیان لە شوێنی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل دانا

ژنانی چالاکوان و ڕێکخراوەکان لە گەڕەکی بەختیاری و لە شوێنی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل گوڵیان دانا و ڕایانگەیاند با بکەران دەستگیربکرێن و دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان وتەوە.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی و لە شوێنی شەهیدکردنی، ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ئەکادیمیست، گروپێک لە ژنانی چالاکوان، ڕێکخراوەکانی ژنان، ئەندامانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ئازادیخوازان گردبوونەوە و گوڵیان لە شوێنی شەهید بوونەکەی دانا.

 

ژنان بە هەڵگرتنی گوڵ و بەزرکردنەوەی وێنەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل و وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بمرێ خیانەت" ئیدانەی تیرۆرەکەیان کرد و داوایان لە دەسەڵاتداران کرد بکەران دەستگیربکەن.

 

بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی ناگیهان ئاکارسەل و شەهیدانی ڕێگای ئازادی چالاکییەکە دەستیپێکرد، تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، بکوژان زۆر بە ئاسانی لە بازگەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە دەرەوە و دەربازیان دەبێت، لە تیرۆرکردنی شوکری سەرحەد، زەکی چەلەبی و مامۆستا شەماڵ و ئەمڕۆش ژنە چالاکوان و نووسەر و لێکۆڵەری ژنان ناگیهان و دەربازبوونی بکوژان بە ئاسانیی، ئەم پەیامە پێمان دەڵێت، کە ئەم هەرێمە تەنها بۆ تیرۆریستان و دوژمنان شوێنێکی ئارامە".

 

وتیشی:"ئێمە ئەم تیرۆرانە قبوڵناکەین و دەست لە خوێنیان هەڵناگرین، پەیاممان بۆ هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتداران ئەوەیە؛ یان بمانپارێزن لە دەستی دوژمن، یان بڵێن ناتوانین بتانپارێزین بۆ ئەوەی خۆمان خۆمان بپارێزین".

 

پاشان بە تێکڕا، ژنان ڕێپێوانیان بۆ بەردەم مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستپێکرد و چەپکێک گوڵی ڕەشیان لەبەردەم مەکتەبی سیاسی یەنەکە دانا، ڕاشیانگەیان ماوەی ٤٨ کاتژمێر دەوەستن تا بکوژان ئاشکرا بکرێن، ئەگەرنا چالاکییەکانیان بەردەوام و ڕادیکاڵ دەبێت.