داوای داخستنی ئاسمانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕووی فڕۆکەی تورکیادا دەکرێت
٣٤ حزب و لایەنی سیاسی داوای داخستنی ئاسمانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن بەڕووی فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیادا، ئەمەش لەپێناو پاراستنی هاوڵاتیان و خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دایە.
قامیشلۆ
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و ڕاوێژی دیبلۆماسی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٣٤ حزب و لایەنی سیاسی داوای داخستنی ئاسمانی هەرێمەکە دەکەن بە ڕووی فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیادا.
حزب و لایەنەکان یاداشتێکیان ئاڕاستەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا کرد و ئاماژەیان بەوەدا، جموجوڵە دوژمنکارەکانی دەوڵەتی تورک دژ بە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە و ڕۆژانە بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچەکان دەکات و خەڵکی مەدەنیی دەکاتە ئامانج، هۆکاری بەردەوامیدانیش بەو هێرشە دڕندانەیە بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ناتۆیەوە.
ئەو لایەنانە داواشیان لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا کرد، کە ڕێوشوێنی توند بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بگرنەبەر و ئاسمانی ناوچەکە بە ڕووی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکدا دابخەن.