کار دەکرێت بۆ نەهێشتنی ئاوارە لە سنوورى سلێمانی
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی شووباتەوە تا ئێستا هەزار و ٢٧٥ خێزانى ئاوارە لە پارێزگای سلێمانییەوە گەڕێندراونەتەوە زێدى خۆیان
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەری بەشی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی شووباتەوە تا ئێستا هەزار و ٢٧٥ خێزانى ئاوارە لە پارێزگای سلێمانییەوە گەڕێندراونەتەوە زێدى خۆیان، هەروەها ژمارەیەكی كەم ئاوارە لە سلێمانیدا ماون و ئەوانیش دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بەم نزیكانەش هیچ ئاوارەیەک لە سلێمانیدا نامێنێت.
بەڕێوەبەری بەشی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی كۆتایی هێنان بە دۆسییەی ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ میدیا عێراقییەكان ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتەكەیان بەردەوامە لە جێبەجێكردنی پلانی نیشتمانیی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، لەو چوارچێوەیەشدا لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە تا ئێستا هەزار و ٢٧٥ خێزان لە پارێزگای سلێمانییەوە گەڕێندراونەتەوە زێدى خۆیان.
باسی لەوەشکرد، بە هەماهەنگی نێوان حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ وەزارەتەکە ئاوارەكان دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان، ئەو چوار ملیۆن دینارەش كە وەک هاوكاری دارایی ئەدرێتە ئاوارەكان، هاندەر بوون بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی چوار كامپی تێدایە، ئێستا جگە لە ژمارەیەكی كەمیان كە لە كامپێكدا ماونەتەوە، سەرجەمیان گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان، لە چەند مانگی داهاتوودا ئەو ژمارە كەمەش، کە ماون دەگەڕێنەوە و هیچ ئاوارەیەک لە پارێزگای سلێمانیدا نامێنێت.