"پرۆسەی هەڵبژاردن بە بێ دەنگی ژنان سەرکەوتوو نابێت"
بەشداربوانی سیمپۆزیۆمی دیالۆگ جەختیان کردەوە کە بەشداری ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە دەستکەوتێکی گەورەیە بەرەو گەیشتن بە ئازادی و مافەکانیان، کە لە ئەنجامی خەباتی ماندوو نەناسانەیان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بەدەستهاتووە.
مەنبج
دوێنێ ئەنجومەنی ژنانی پارتی سووریای ئایندە لە پارێزگای مەنبج، بە ناونیشانی "پشتیوانی و بەرزکردنەوەی بەشداری ژنان لە پەرەپێدانی پرۆسەی هەڵبژاردن" سیمپۆزیۆمێکی دیالۆگی سازکرد و تیایدا تیشکی خستە سەر بڕگەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا.
سیمپۆزیۆمەکە هاوکاتی نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانە کە بڕیارە ١١ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، جەواهیر حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پارتی سووریای ئایندە لە شارۆچکەی یاسیتی سەر بە پارێزگای مەنبج، ڕایگەیاند، پەسەندکردنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و بەشداری ژنان تێیدا بە ڕێژەی ٪٥٠ دەستکەوتێکی گەورەیە بەرەو گەیشتن بە ئازادی و مافەکانی ژنان، کە لە ئەنجامی خەباتی ماندوونەناسانەیان لە هەموو بوارەکانی سیاسی و سەربازی و ئابووریدا هاتووەتە ئاراوە.
رولا ئەحمەد دلۆ، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنان لە شاری ئەبو قلقال و شارۆچکەی تل حەوزان ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کرد و وتی: ژن توانیویانە گەشە بەخۆیان بدەن و بنیادنانی کەسایەتییەکانیان بۆ خەباتی ئەمڕۆ لە هەموو بوارەکاندا پێش بخەن، ئەم خەباتە و ئەو سەرکەوتنانەی بەدەست هاتوون، لە ڕوانگەی نەرێنی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان نائاسایین، بەڵام ئێستا کۆمەڵگەش باوەڕی بە هێز و ئیرادەی ژنان هەیە و دڵنیان لەوەی کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو نابێت تا ژنان دەنگ نەدەن و بەشداری نەکەن.
هەروەها ئەو گفتوگۆیانەی لە سیمپۆزیۆمەکەدا کران، دەرخەری دڵخۆشی ژنان بوو بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە بە تێکۆشان و قوربانیدانی شەهیدان هەڤرین خەلەف و هەموو شەهیدانی دیکە بەدەستهاتووە.