ئەمڕۆ سێ خۆپیشاندانی جیاواز لە عێراق بەڕێوەدەچێت

بەغدا سێ خۆپیشاندانی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت و داوا دەکرێت هەمووان دژی گەندەڵی و ڕێزگرتن لە حکومەت و دەوڵەت بەشداری خۆپیشاندانەکان ببن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، ١٢ی ئاب سێ خۆپێشاندانی جیاواز لە بەغدای پایتەختی عێراق لەلایەن بەرەی سەدرییەکان و جەماوەری "چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە" و هێزە مەدەنی و شیوعییەکان بەڕێوەدەچێت.

 

دەربارەی خۆپیشاندی جەماوەری چوارچێوەی هەماهەنگیی داوایان لێکراوە لە بەردەم یەکێک لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدای پایتەختی عێراق خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، لە بانگەوازییەکەشدا لیژنەی ڕێکخستن ڕایگەیاندووە، بانگهێشتی ئەو کەسانە دەکات کە وڵات و دەوڵەتەکەیان خۆشدەوێت چالاکانە بەشداری خۆپیشاندانی هەینی بکەن.

 

چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆپیشاندانەکە بۆ داواکردنی ڕێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕێگریکردن لە بێ یاسایی و ئاژاوە و پێشێلکردنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵگا هاتووە.

 

لەلایەکی دیکەوە، موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە عێراق، داوای لە لایەنگرانی کردووە وەک کاردانەوەیەک بۆ خۆپیشاندانی چوارچێوەی هەماهەنگی، خۆپیشاندانی جەماوەری لە سەرجەم پارێزگاکانی ئەو وڵاتە ئەنجام بدەن.

 

بانگەوازی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ لایەنگرانی دوای ئەوە دێت کە دوای خۆپیشاندان و دەستگرتن بەسەر پەرلەماندا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، سەدر هەفتەیەک مۆڵەتی  بە دەسەڵاتی دادوەری عێراق داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.

 

ڕێکخراو و کەسانی مەدەنی و شیوعییەکانیش داوایانکردووە خۆپیشاندان لە ناوەندی بەغدای پایتەخت ئەنجام بدرێت.