وشکەساڵی لە سۆماڵ هەزاران کەس ئاوارە دەکات

UNHCR  ڕایگەیاند، وشکەساڵی لە سۆماڵ کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەستیپێکردووە، گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و ئاوارەبوونی یەک ملیۆن کەسی لێکەوتووەتەوە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەوڵەکانی بۆ ڕزگارکردنی ژیان چڕتر بکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سۆماڵ شاهیدی قۆناغێكی وشكه‌ساڵی مێژوویی بووه‌ كه‌ زیاتر له‌ چل ساڵه‌ شاهیدی نه‌بووه‌ و پێشبینی نه‌بوونی باران بۆ وەرزی داهاتوو ده‌توانێت ببێته‌ هۆی ئاواره‌بوونی خێزانیی زیاتر و برسێتی لێبكه‌وێته‌وه‌.

 

دوێنێ ١١ی ئاب، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی نەرویجی بۆ پەنابەرانی ژمارەیەکی بێ وێنەیان لە ئاوارەبوون لە سۆماڵ ئاشکرا کرد، کە وشکەساڵی زیاتر لە ٧٥٥ هەزار کەسی لە ناوخۆدا ئاوارە کردووە و پێدەچێت ژمارەیان بۆ یەک ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.

 

ماگاتی جێسی، نوێنەری UNHCR لە سۆماڵ وتی: "کۆمەڵگە هەژارەکان زۆرترین کاریگەری قەیرانی کەشوهەوایان لەسەرە، زۆرێک لە خێزانەکان بێ پاراستن دەمێننەوە و ئاوارەبوونیان زیاد دەکات، دۆخی سۆماڵ یەکێکە لەو وڵاتانە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کاتێکدا ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ وەڵامدانەوەی لە بواری مرۆییدا، بەڵام سەرچاوەی پێویستمان نییە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت هەوڵەکانی بۆ ڕزگارکردنی ژیان و پشتیوانیکردن لەم وەڵامە مرۆییە زیاتر بکات".

 

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران لە سۆماڵ رایگەیاند، "برسێتی هەموو وڵاتی گرتووەتەوە، زۆرێك لە خێزانەكان ناچارن هەموو شتێك بەجێبهێڵن، چونكە هیچ ئاو و خۆراكێك لە گوندەكانیان نەماوە، پێویستییەكی بەپەلە هەیە".

 

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەی ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی ئاستی قەیرانی برسێتی دەبنەوە لە سۆماڵ لە نزیکەی ٥ ملیۆنەوە بۆ زیاتر لە ٧ ملیۆن بەرزبێتەوە، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بەهۆی ململانێکانەوەیە لە ئۆکراینا.

 

ڕێکخراوی UNHCR لە مانگی حوزەیراندا ڕایگەیاند کە پێویستیان بە ٩.٥ ملیۆن دۆلارە بۆ سۆماڵ، وەک بەشێک لە بانگەوازی ناوچەیی خۆی بۆ ئەفریقا، بۆ یارمەتیدانی ئەو کۆمەڵگە ئاوارەبووانەی کە بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە.