کەنەکە داوا لە ژنان دەکات بڕژێنە سەر شەقامەکان و هاوار بکەن "ژن، ژیان ، ئازادی"

کەنەکە ڕایگەیاند، تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل هەموو ئەو ژنانە دەکاتە ئامانج کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی ئێرانەوە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تێکۆشانیان کردووە، بۆ ئەوەش دەبێت ژنان بێنە شەقامەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

کاتژمێر ٩:٣٠ بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەمە ٤ی تشرینی یەکەم، لە شاری سلیمانی چالاکوان و ئەکادیمیست ناگیهان ئاکارسەل، سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی توێژینەوی ژنۆلۆژی کرایە ئامانج.

 

کەسایەتیەکی ناسراو بە کارەکانی لە بواری ژنان و ژنۆلۆژی و ڕۆژنامەگەری ژنانە، ناگیهان ئاکارسەل لە پارێزگای کۆنیای تورکیا لە دایکبووە، لە چوارچێوەی خوێندنی ژنۆلۆژیدا چەندین ساڵ لە شاری سلێمانی ژیاوە، لە بازنەی پڕۆژەکەیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە سەرقاڵی دامەزراندنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و کتێبخەنەی ژنان بووە لە سلێمانی.

 

کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە لە دوای تیرۆر و شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: دوێنێ ئەکادیمیست و  توێژەری بواری ژنۆلۆژی ناگیهان ئاکارسەل لە باشووری کوردستان تیرۆرکرا، ناگیهان ئاکارسەل یەکێک بوو لەو ژنانەی کە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک پرەنسیپی شۆرشی ژنان لە سەدەی بیست و یەک لە کوردستان گەشەپێدا، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە سلێمانی، کە ناگیهان ئاکارسەل پێشەنگایەتی دەکرد، سەرقاڵی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی-زانستیانە بوو لە دژی هەموو جۆرەکانی ئەقڵیەتی پیاوسالاری."

 

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تا ئەو کاتەی سیاسەتێکی پتەو لەلایەن یەنەکە لە سلێمانی و حکومەتی عێراق لە بەغدا دروستنەبێت، تورکیا و وڵاتانی دراوسێ بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی شەڕی دژ بە کورد و ژنان و تیرۆرکردنی ئازادیخوازان، و شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل پێنجهەمین ڕووداوی تیرۆری ئەمساڵە بۆسەر کەسانی ئازادیخواز.

 

کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، جگە لە یەنەکە و حکومەتی ناوەندی عێراق، داواش لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا دەکات، کۆمەڵکوژی و کردەوە تیرۆرییەکانی تورکیا ڕابگرن، چونکە تورکیا هاوبەشی ئەوانە، هەروەها تیرۆری ناگیهان ئاکارسەل هەموو ئەو ژنانە دەکاتە ئامانج کە لە سەرەتای دەسپێکردنی نائارامیەکانی ئێرانەوە بە دروشمەکانی" ژن، ژیان، ئازادی" خەبات دەکەن و تیشکێکی ئومێد بۆ داهاتویەکی باشتر پێشکەش دەکەن.

 

کۆمسیۆنی ژنان ڕاشیگەیاند، داوا لە هەموو ژنان بە تایبەتی ژنانی باشووری کوردستان دەکەن، هەڵوێستێکی ڕوون لە دژی ئەم کردەوە قێزەونەی تیرۆرکردنی ئازادیخوازان بگرنەبەر، دەبێت ژنان بە هەموو زمانەکانی جیهان بڕژێنە شەقامەکان و هاوار بکەن  "ژن، ژیان، ئازادی"، چونکە ئایندەیەک بە دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی تەنیا کاتێک مومکینە کە لەلایەن ژنانی هەڵگری دروشمی" ژن، ژیان، ئازادی"  پێشەنگایەتی بکرێت.

 

لە کۆتایدا ڕایگەیانگەیاند، "دەبێت کۆتایی بە دەسەڵاتی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەداری بهێنن، کە لەم سەدەیەدا، بە دیکتاتۆری و فاشیست و ودەستدرێژکارانەوە، مرۆڤ و شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتی و تەواوی ژینگە بۆ تەماح و دەسەڵاتی شەخسی خۆیان لەناو دەبات، با پێکەوە بوەستین و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز بکەینەوە لە دژی پیاوسالاری و دیکتاتۆرەکان و دوژمنانی مرۆڤایەتی لە هەموو شوێنێک".