ناگیهان ئاکارسەل: خۆبەڕێوەبەری ژن لە خودبوونەوە سەرهەڵدەدات
شەهید ناگیهان ئاکارسەل، هەمیشە هەوڵی دەدا لە پێناو هۆشیارکردنەوەی ژنان و ئاگادارکردنەوەیان لە پرسی ژن، لە چاوپێکەوتنێکی نوژنهادا خودبوونی ژنی بە کلیلی سەرکەوتنی شۆڕشی ژن ناساند.
ناوەندی هەواڵ
ناگیهان ئاکارسەل، ژنێکی شۆڕشگێر و پێشەنگی تێکۆشانی ژنان بوو، لەو پێناوەشدا لە باکووری کوردستان، بە کاری ڕۆژنامەوانی، لە ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەت عەفرین و شەنگالدا خەباتی کردووە.
ماوەی چەند ساڵێکە لە باشووری کوردستان و شاری سلێمانی لە پێناو ئاشناکردنی ژنان بە فکری ئازادی و ژنۆلۆژی و زیندووکردنەوەی مێژوو و قەڵەمی ژنان لە کاردا بوو، ئامانجی گەیاندنی دەنگی ئازادی ژن، ئایدۆلۆژیای ژن و ژنۆلۆژی بوو، ناگیهان ئاکارسەل دوێنێ ٤ی تشرینی یەکەم لە هەوڵێکی تیرۆریدا لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی شەهید کرا.
ناگیهان ئاکارسەل لە چاوپێکەتنێکیدا ڕابردوویدا لەگەڵ ئاژانسی نوژنها، خودبوونی ژنان کلیلی سەرکەوتن و خۆبەڕێوەبەری ژنی خستەڕوو.
لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ نوژنها ڕوونیکردەوە، "خودبوون بناغەی پێگەشتنی ژنە، کە دەبێتە مایەی خۆبەڕێوەبەری و بڕیاردان بە ڕۆحێکی ژنانە، ئەو ڕۆحەش لە خودبوونەوە سەرهەڵدەدات، لە ئەنجامی خۆناسین و جێبەجێکردنی بیردۆزی ئازادی ژن".
"گەیشتن بە خۆبوون لەسەر خۆڵی ئازادی دەبێت"
ناگیهان ئاکارسەل باسی لەوەکرد، "سەرەکیترین هەنگاو بۆ خاوەن بڕیاری و خۆبەڕێوەبردنی ژنێک، خودبوونی ژنە، ئەوەش پڕۆسەیەکە بۆ گەیشتنی ژن بە ڕاستینەی خۆی، ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە جوانی و ڕاستی، گەیشتن بە خۆبوون تەنها لەسەر خۆڵی ئازادی دەبێت، کاتێک ئازادی نەبێت ئەو کاتە خۆبوون بوونی نابێت، لەبەر ئەوە یەکەم هەنگاو جێبەجێکردنی بیردۆزی ئازادی ژنە.
ناگیهان ئاکارسەل، کە ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بوو، باسی لە خۆبوون کرد و ئاماژەی بەوەدا خۆبوون لە ناسینی خود، مێژوو، کۆمەڵگە، سروشت و ئەو ژینگەی کە تێیدا دەژی، دێتە بوون.
بیردۆزی "ئازادی ژن" لە پێنج بنەما پێکهاتووە
ناگیهان بیردۆزی "ئازادی ژن" کە لە پێنج بنەما پێکدێت، وەها خستەڕوو، "یەکەم، بیرکردنەوەی ئازاد، دووەم، کار بەو ئازادی بیرکردنەوەیە بکرێت، سێیەم هەنگاونانی کردەییە بۆ ئایدۆلۆژیای ئازادی ژن، ڕێکخراوبوون و هەماهەنگی بۆ کارکردن لەو ئایدۆلۆژیایە و ئیرادەهەبێت، چوارەم تێکۆشان بکرێت، دوای ئەو سێ هەنگاوە دەبێت تێکۆشان بۆ پێشخستنی بیری ئازاد هەبێت، لە کۆتایدا ڕێکخستبوون و کاری ئیرادەی ئازاد ژن جوانی و ئیستاتیکا لە ڕووی فکری، ڕۆحی و فیزیکی دروست دەکات".