فرانسیا ماركیزی دەبێتە جێگری سەرۆکی کۆڵۆمبیا
لە کۆڵۆمبیا جیاواز لە ڕابردوو، ژنێکی ڕەشپێست کە پێشینەی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە، دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٢ لە کۆڵۆمبیا جیاواز بوو، جگە لەوەی گوستاڤۆ پێترۆ بووە یەکەم سەرۆکی چەپی ئەو وڵاتە، جێگرەکەشی ژنێکی ڕەشپێستە کە پێگەیەکی سیاسی نییە.
ئەمڕۆ، ٧ی ئاب فرانسیا ماركیزی ٤٠ ساڵ، کە لە تەمەنێکی زۆر کەمدا بووەتە دایك و وەك خزمەتكار و کرێکار لە كانێكی زێڕدا كاری كردووە، دەبێتە یەكەم ڕەشپێستی جێگری سەرۆكی كۆڵۆمبیا.
فرانسیا مارکێزی ژیانێکی جیاوازی لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی هەبووە، چونکە وەکو خزمەتکار و کرێکار کاریکردووە و سەر بە دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بەهێزەکانی کۆڵۆمبیا نییە، هەرچەندە کۆڵۆمبیا وڵاتێکی فرە ڕەنگە، بەڵام دامەزراوەکانی بە شێوەیەکی بنچینەیی بەدەست کەمە ڕۆشنبیرەکان و پیاوانی سپی پێستی زەنگینەوە بووە، بوونی فرانسیا بە جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ کۆڵۆمبیا.
فرانسا مارکێز لە گوندی ئولومبۆرا سەر بە ویلایەتی کاوکا لەدایکبووە، کە بە یەکێک لە هەژارترین ناوچە گوندنشینەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت، ماوەی ٦٥ ساڵە کاوکا شەڕی چەکداری نێوان حکومەت و گروپە نیمچە سەربازییەکاندا بەردەوامە و ئەمەش کاریگەری لەسەر فرانسا دروستکردووە، لەو بارەیەوە دەڵێت: "بۆ نموونە کۆمەڵگەکەم ڕوونترین نموونەی پەراوێزخستنی مێژووییە، نە ئاوی خواردنەوە و نە دامەزراوەی سەرەتایی پاکوخاوێنی و کارەباش نییە، لەو پێناوەدا خزمەت دەکەم".