وتەبێژی فراکسیۆنی یەنەکە: هەڵبژاردن چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی عێراق ناکات

سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراکسیۆنی یەنەکە لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقەوە دەڵێت، هەڵبژاردن چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی عێراق ناکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کێشەکانی عێراق لە قوڵبوونەوە دایە و باس لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان دەکرێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەش وەک چارەسەری دانراوە، بەڵام سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکردووە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری کێشەکانی عێراق ناکات.

 

وتەبێژەکەی فراکسیۆنی یەنەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی حزبەکەی دەڵێت: چارەسەركردنی كێشەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بە هەڵبژاردنی پێشوەختە هیچ گۆڕانكاریەك لە قەیرانە سیاسیيەكانی ئێستای عیراق ناكات و هیچ لە بارودۆخی سیاسەت ناگۆڕێت.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت واتای وایە كە یاسای هەڵبژاردن چاككردنی دەوێت ئەمەش بێگومان پێویستی بە كاتە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش سۆزان مەنسور دەڵێت: گفتوگۆ بە تاكە چارەسەر دادەنرێت بۆ قەیرانە سیاسیيەكانی ئێستای عیراق.